زانكۆی سلێمانی لەبارەی رێوڕەسمی وێنەگرتنی خوێندكاران چەند بڕیارێكی دەركرد

زانكۆی سلێمانی لە ئاگادارییەكدا بۆ خوێندكاران دەڵێت، چیتر لەكاتی وێنەگرتنی دەرچوواندا رێگە بە هێنانی میوان و كەسوكار و رازاندنەوەی مێز و کورسی و هێنانی کۆمپانیای دیکۆرات نادرێت.

د. پێشڕەو حەمەجان عزیز، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران رایگەیاند، ئەنجومەنی زانكۆ لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆدا لە پاش بەدواداچوون و هەڵسەنگاندێکی وورد بۆ رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندکارانی ئەمساڵی خوێندن لەناو کەمپەسەکانی زانکۆ بەتایبەت دوای گوێگرتن لە گلەیی خوێندکاران و کەسوکاریان و مامۆستایان و کارمەندانی پرسگە و باخچەکان و، لەپێناو پاراستنی پاکوخاوێنی و سەوزایی و ئارامی و هاتوچۆی ناو کەمپەسی زانکۆ لەلایەک و کەمکردنەوەی ئەرکی دارایی سەرشانی کەسوکاری خوێندکاران و بەدەستهێنانی جۆرێک لە دادپەروەری بۆ خوێندکاران چەند بڕیارێكی داوە.

بڕیارەكان دەربارەی رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوون بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو (2023/ 2024) و ساڵانی دواترە و بریتین لە:

1. وێنەگرتنی دەرچوون لەناو کەمپەس تەنها بە ئامادەبوونی (خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی و مامۆستایانی کۆلێج) دەبێت.
2. هێنانی میوان و کەسوکار بۆ ناو کەمپەسەکانی زانکۆ بۆ بەشداری رێوڕەسمی وێنەگرتن رێگەپێنەدراوە.
3. رازاندنەوەی مێز و کورسی و هێنانی کۆمپانیای دیکۆرات و دیاری و دانانی خواردن و خواردنەوە و شیرینی و ئاهەنگگێڕان لەناو کەمپەس رێگەپێنەدراوە.
4. بەهیج جۆرێک رێگە بە هێنانەژورەوەی ئۆتۆمبێل بۆ ناوکەمپەس نادرێت لەژێر ناوی وێنەگرتن.
5. داواکردنی وێنەی دەرچوون لەلای وێنەگری زانکۆ کارێکی ئارەزومەندانەیە بۆ خوێندکاری دەرچوو.

یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ دەشڵێت، خوێندکارانی دەرچوو دەتوانن ئاهەنگ و کاتەخۆشەکانی خۆیان لەگەڵ کەسوکارییان لە دەرەوەی کەمپەسی زانکۆ بەسەربەرن.

بابەتی پێشتر

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت وادەی دەنگدان لەسەر یاسای بودجە دیاریدەكات

بابەتی دواتر

فڕۆکەخانەی هەولێر لەبارەی بردنەدەرەوەی کارت لەلایەن گەشتیارانەوە بڕیاریدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share