بەرهەم ساڵح: سیستمی سیاسی سەركەوتوو نەبوو لە خزمەتكردنی عێراقییەكان

بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق

سەرۆككۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو سیستمە سیاسیەی پاش ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن تائێستا حوكمی وڵاتی كردووە سەركەوتوو نەبووە لە خزمەتكردنی هاوڵاتییان و داواشدەكات بژێوی خەڵك لە ململانێ سیاسییەكان دووربخرێتەوە.

بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی كانونی یەكەم لە وتارێكدا بەبۆنەی كۆتایی هاتنی ساڵی 2020 وتی، بەرپرسیارێتی مێژوویی و نیشتیمانی كاری جدیمان لێدەخوازێت بۆ كۆتایی هێنان بەو قەیرانە بەردەوامانەی وڵاتەكەمانی گرتووەتەوە، ئەمەش لێمان دەخوازێت دان بەوەدا بنێین كە سیستمی حوكم كە لە پاش ساڵی 2003 دامەزرا ناتوانێت خزمەتی هاوڵاتی بكات كە تائێستا بێبەش بووە لە گرنگترین مافە یاساییەكانی.

بەرهەم ساڵح دەشڵێت، پێویستییەكی زۆرمان بە سیاسەتێكی نوێ هەیە كە ببێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێكی بەهێز و خاوەن سەروەریی تەواو.

ئەوەشی خستەڕوو، “ناكرێت هاوڵاتیی عێراقی باجی ململانێ و ناكۆكییە سیاسیەكان و گەندەڵی بدات، تا ئاستی گەیشت بە یاریكردن بە بژێویی ڕۆژانەی”. ئاماژە بەوەشدەكات، ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و بڕیاری نوێی چاكسازی هەیە كە لەسەر بنەمای ڕوونی و پشت بەست بە بنەمای تێوەنەگلاندنی هاوڵاتییان لە ململانێ سیاسیەكاندا ببەستێت.

جەختیشیدەكاتەوە، “ناكرێت قوتی هاوڵاتییان و، موچەی فەرمانبەران لە عێراق و، لەنێویشیاندا، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە ململانێ سیاسییەكان و گەندەڵییەوە بلكێندرێت”.

بەرهەم ساڵح دەشڵێت، پێویستە لەم دۆخە ئابورییە سەختەدا، كاری پێشینە پشتیوانیكردن بێت لە چینە هەژارەكان لەرێی زنجیرەیەك ڕێوشوینی كاریگەر و خێرا و، درێژەدان بە جەنگی دژ بە گەندەڵ و گەندەڵكاران.

بابەتی پێشتر

دۆناروما بێبەرانبەر.. گۆڵپارێزە بەهرەدارەکەی میلان پێنج بژاردەی لەبەردەمدایە

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی: هەركەس تەقە بكات دەستگیر دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share