کەشناسیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ و سبەینێ لەئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمە پەستانی دەریایی ناوەڕاست، کاریگەری شەپۆلی دابارینی بەهێز لە تەواوی ئاسمانی هەرێم بەردەوامی دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتەکانی بەیانی تاکو نیوەڕۆ بارانی بەلێزمە و بروسکە لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوامی دەبێت زۆرترین رێژە لە سنووری یارێزگای سلێمانی و سەنتەری شار و هەروەها ناوچەکانی گەرمیان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرما نزم بوونەوەیەکی بەرچاو (4 – 6) پلە کەمتر بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ و لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان زیاتر نزم دەبێتەوە کە لەکاتەکانی شەو بۆ سفری سیلیزی یان زیاتر نزمدەبێتەوە.
ئاشکراشیکرد، سبەینێ سێشەممە ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بەردەوامی دابارین بەشێوەی نمە باران و بەفر لەناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەتایبەتی ناوچە شاخاوییە سنووریەکانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵات، لەکاتەکانی شەودا کاریگەری ئەم شەپۆلە دابارینە کۆتایی دێت و ئاسمان بۆ نیمچە هەور و ساماڵ دەگۆڕێت.