بەهۆی ئەو بارانەی لە ئێوارەی رابردووەوە پارێزگای نەینەوای گرتووەتەوە تا ئێستا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، لە نزیک گوندی وادی مور، لەسەر رێگەی بەغداد لە باشووری شاری موسڵ گەنجێک گیانی لەدەستداوە و لەناو سەنتەری شاری موسڵیش دوو کەس خنکاون.
ئاشکراشیانکرد، لە چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگاکە دەیان کەس لە مردن رزگارکراون.
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کرایە پشوو.