نوری مالكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا داوا دەكات سەروەریی عێراق بپارێزرێت و هێزی شەڕكەری بیانی لەسەر خاكەكەی نەبن.
ماوەی چەند ڕۆژێكە، گەورە كاربەدەستانی ئێران هەڕەشەی جدی لە ئەمریكا دەكەن بەوەی گورزی توندی لێدەدەن و تۆڵەی خوێنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی لێدەكەنەوە، ئەمریكا-ش ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی كانونی یەكەم، دوو فڕۆكەی موشەكهاوێژی ستراتیژی لە جۆری “B52″ ناردە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەسەر سنوورەكانی نزیك لە ئێران-دا فڕین، “فەرماندەیی ناوەڕاست”ی ئەمریكا هەڕەشەیكرد و وتی، “هێزەكانمان ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دوژمنكارییەك.”
كەمێك لەمەوبەر، میدیای ئەمریكا ئاشكرایكرد كە حكومەتی ئەو وڵاتە چاوەڕوانی ئەوەیە هێرشی بكرێتەسەر، بە تایبەت لە عێراق.
چەند سەرچاوەیەكی میدیایی ئەمریكی ئاشكراشیانكرد، “ئەمریكا خۆی بۆ ئەوە ئامادە كردووە و چاوەڕوانی هێرشێكە كە “بەمنزیكانە” بكرێتەسەری لە ناوچەكەدا، بە تایبەتیش لە عێراق دا.”
دوابەدوای ئەم پێشهاتانە، ئەمشەو 30 كانونی یەكەم، نوری مالكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “داوا لە هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزەكان دەكەین پارێزگاری لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بكەن و ڕێگەنەدەن هێزی شەڕكەری بیانی لەژێر هەرچ ناو و پاساوێكدا بێت، لەسەر خاكی عێراق هەبن.”