وەزیرە بەلجیكییە بەڕەگەز عێراقییەكە دەربارەی كۆچبەران هاتەدەنگ

وەزیری كۆچی بەلجیكی ڕایدەگەیەنێت، ئەو لێدوانانەی بەناوی ئەوەوە بڵاوكراونەتەوە دەربارەی سووربوونی لەسەر گەڕاندنەوەی كۆچبەرانی عێراق، بەدروستی هەمان وتەكانی ئەو نین و دوپاتیشیكردەوە، وڵاتەكەی هیچ كەسێك نانێرێتەوە.

سامی مەهدی، وەزیری كۆچی بەلجیكا، كە بەڕەگەز عێراقییە، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، زۆرینەی ئەوەی لەلایەن میدیاكانەوە بڵاوكرایەوە وێنەیەكی تەواوی ئەوەنییە كە وتویەتی، ئەو مەبەستی ڕەگەزێكی دیاریكراو نەبووە، بەڵكو قسەكانی پەیوەندیدار بووە بەو كۆچبەرە نیشتەجێبووانەی بەشێوەیەكی نایاسایی لە بەلجیكا-ن.

دەربارەی ئەو هێرشانەی بەهۆی لێدوانەكانیشەوە كراوەتەسەری مەهدی وتی، “گرنكە كە فێربین كە هەمووكات زانیاری تەواومان پێناگات”.

ئەو لێدوانانەی پێشتر بەناوی ئەو وەزیرەوە بڵاوكرانەوە كاردانەوەی جیاجیای لێكەوتەوە بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی “باوكی وەزیرەكە لە بنەڕەتدا كۆچبەرە و بەڕەگەز عێراقییە”.

لەنێو كاردانەوەكاندا ئیڤان فائق، وەزیری كۆچی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەكەی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی عێراقی ڕەتدەكاتەوە و لە بەیاننامەیەكی وەزارەتەكەیدا وتی، “ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی خۆویستانەین نەك زۆرەملێ و باڵیۆزی بەلجیكاش بۆ دیدارێك بانگێشت دەكەین بەمەبەستی تاووتوێكردنی ئەم دۆسیەیە”.

مەهدی وەڵامی وەزیرە عێراقییەكەی بۆ “تێنەگەیشتن و خراپ وەرگێڕانی وتەكانی” گەڕاندەوە.

دوپاتیشیكردەوە كە ئامادەن بۆ “هەماهەنگی و بونیادنانی پردی پەیوەندی لەنێوان خۆیان و هاوەڵانیان لە عێراق و ئەودوای وڵاتانی تر، لەپێناو جوڵەی كۆچ و كۆچبەری ڕێكخراو و یاسایی”.

وەزیرە گەنجەكەی بەلجیكا (تەمەن 32 ساڵ) وەك پاڵێوراوی پارتی (CD & V) كریستیانی دیموكراتی و فلمنكی (Christian Democratic and Flemish) لە سەرەتای ئەم مانگە پۆستەكەی لەنێو پێكهاتەیەكی نوێی حكومەتی ئەو وڵاتەدا وەرگرت.

بابەتی پێشتر

هەواڵگری ئەمریكا: ئێران و ڕوسیا دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكاندا دەكەن

بابەتی دواتر

کونسوڵخانەی ئەمریکا 500 هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش تەرخانکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share