پێنج رۆژی دیکە، بە بەشداری زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و بیانی بە ملیۆنان کتێب و هەزاران ناونیشانی جیاواز پێنجەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب بەڕێوەدەچێت.
پێشانگاکە رۆژی 23 ی تشرینی دووەم هەتاکو 2ی کانونی یەكەم، بەڕێوەدەچێت وەک رێکخەرانی پێشانگاکە ئاماژەی پێدەکەن، زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و بیانی لە 20 وڵاتی جیهانەوە، بە ملیۆنان کتێب و هەزاران ناونیشانی جیاواز لە پێشانگاکەدا بەشدارن.
حەسەن رەحیم، بەرپرسی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی و رێکخەری پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند،”پێنجەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب ، بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و بیانی لە 20 وڵاتی جیهانەوە بەشدارن، رۆژانە کاتژمێر 9 بۆ 6ی ئێوارە، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی لە تاسڵوجە بەڕێوەدەچێت، رۆژی یەکەم کاتژمێر 11ی بەیانی پێشانگاکە دەکرێتەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت”.
ئاماژەی بە ئەوەش کرد، پاس دابینکراوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان و سەردانکەران بۆ پێشانگاکە بگوازنەوە بەجۆرێک لە باخی گشتییەوە هەتاکو پێشانگاکە و لەوێشەوە هەتاکو فولکەی ئاسکەکە بە درێژایی کاتەکە هاوڵاتیان دەگوازنەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکانەوە، حەسەن رەحیم، وتی، کاتێک پێشانگاکە رادەگەیەندرێت ناوەندەکانی چاپ ئازاد دەکرێن هەڵبژاردنەکانیش بەشێوەی تیروپشک دەکرێت، سانسۆر لەسەر کتێبەکان نییە تەنها ئەو بابەتانە نەبێت کە لەگەڵ رێنماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمدا یەکنەگرنەوە بەتایبەت ئەو بابەتانەی توندوتیژی خێزانی و ئاینی نەتەوەیی و کلتوری و سیاسییان تێدابێت.
ساڵانی رابردوو لەگەڵ پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب دەرفەت بە خاوەن پیشە بچووکەکانی وەک کاری دەستیی و خواردن و چەند بابەتێکی دیکە دەدرا بەشدار بن، بەڵام ئەمساڵ وەک رێکخەری پێشانگاکە باسیکرد، بەهۆی ئەو رەخنانەی ساڵانی رابردوو لێیان گیراوە، تەنها کتێب نمایشدەکرێت، لەو بارەیەوە حەسەن رەحیم، وتی، ئەمساڵ هیچ جۆرە پێشانگا و فێستیڤاڵێکی دیکە لەگەڵ پێشانگای کتێب هاوتەریب نەکراوە، بەو پێیەی ساڵانی رابردوو رەخنەی ئەوەمان لێدەگیرا کە سەردانکەرانی پێشانگاکە بەهۆی بابەتەکانی دیکەوە بە بازاڕییکردنی دوور لە کتێبەکانەوە سەرقاڵ بوون و کاتیان بۆ کڕینی کتێب کەمبووەتەوە.