كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم بێئاگایی لە ئەنجامی گفتوگۆكان رادەگەیەنن

كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم بێئاگایی لەو گفتوگۆیانە نیشاندەدەن كە لە نێوان هەرێم و ناوەند لەئارادایە دەربارەی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوت.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) كە پێكدێت لەو كۆمپانیایانەی لە بواری نەوت و گازدا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، “هیچكام لە حكومەتەكانی بەغداد و هەولێر پەیوەندییان بە كۆمپانیاكانەوە نەكردووە دەربارەی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوت سەرەڕای راگەیەندراوەكەی هەفتەی رابردووی حییان عەبدولغەنی-ی وەزیری نەوت، دەربارەی گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ لایەنی توركی بۆ سەرلەنوێ هەناردەی نەوت لە هەرێمەوە لەماوەی سێ رۆژدا”.

دەشڵێت، “سەرەڕای ئەوەی پێشوازی لەم هەنگاوە ئەرێنییە دەكەین، بەڵام ئەو كۆبوونەوانەی لەنێوان هەردوو لایەنی عێراقی و توركی ئەنجامدراون، بانگێشت نەكراوین بۆی، هیچ پەیوەندییەكیشمان پێوەنەكراوە دەربارەی سەرلەنوێ هەناردەی نەوت یان بۆ پێڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی ئەو كۆبوونەوانە”.

لای خۆیەوە ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویكردەوە، ئەو كۆبوونەوانەی لەنێوان هەردوولا ئەنجامدراون و سەرەڕای لێدوانەكانی وەزیری نەوت “نەبووەتەهۆی گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی دەربارەی سەرلەنوێ هەناردەی نەوت لە هەرێمەوە”.

دووپاتیشیكردوە كە گفتوگۆكان تائێستا بەردەوامە بەبێ بوونی وادەیەك بۆ سەرلەنوێ هەناردەكردنەوە.

هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركی لە 25ی ئازاری رابردووەوە وەستا دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی بەغداد، كە سكاڵایەكی دژ بە ئەنقەرە لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی ناوەند لەو دادگایە تۆماركردبوو.

بابەتی پێشتر

مەراسیمی ناساندنی كاندیدەكانی یەکێتی ئەنجام دەدرێت

بابەتی دواتر

كەشناسیی هەرێم: نمە باران دەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share