ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران بڕی 150 هەزار دۆلاری بۆ خێزانی هەر 176 قوربانییەكەی ئەو فڕۆكە ئۆكرانییە دیاریكرد كە لە كانونی دووەمی ئەمساڵ لە ئاسمانی وڵاتەكەیدا خرایەخوارەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئێرنا) ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی كانونی یەكەم بەیاننامەیەكی حكومەتی تارانی بڵاویكردەوە و دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر تەرخانكردنی 150 هەزار دۆلار یان هاوتاكەی بە یۆرۆ لە نزیكترین كاتدا بۆ هەر خێزانێكی قوربانیانی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە.
هێزەكانی پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی (پاسداران) دوابەدوای ڕوداوەكە ئاشكرایكرد كە فڕۆكەكەی سەر بە گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئۆكرانیا پاش ماوەیەكی كەم لە فڕینی بە هەڵە خستووەتە خوارەوە بە گومانی ئەوەی موشەكە، ئەوكاتەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ترۆپكدا بوو.
خستنەخوارەوەكە بە چەند ڕۆژێكی كەم پاش كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغداد لە 3ی كانونی دووەم بوو لەلایەن ئەمریكاوە.
پێشتر محەمەد ئیسلامی، وەزیری ڕێگاوبان و پەرەپێدانی ئاوەدانكردنەوە بە تەلەفزیۆنی حكومی وڵاتەكەی وت، ڕاپۆرتی كۆتایی دەربارەی ڕوداوەكە بۆ وڵاتانی بەشداربووی لێكۆڵینەوەكان نێردراوە.
بەشێك لە قوربانییانی فڕۆكەكە هاوڵاتی كەندی یان نیشتەجێبووی هەمیشەیی ئەو وڵاتە بوون.