جەواد زەریف: ئەمریکا ڕێگای کڕینی دەرمان و خۆراکی ئێرانییەکانی داخست

لە دوای ڕاگەیاندنی سزای نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سزا نوێیەکانی ئەمریکا ئەو ڕێگایانەی مابوون بۆ کڕینی دەرمان و خۆراک بۆ ئێرانییەکان دایان دەخات.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند، “لەسەردەمی کۆرۆنادا ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو ڕێگایانەی مابوون بۆ کڕینی خواردن و دەرمان بۆ ئێرانییەکان دایخست، ئەمەش تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی”.

زەریف لە تویتەکەیدا ڕایگەیاندووە، “ئێرانییەكان لە كارە دڕندانەی ئەم دواییە رزگاریان دەبێت و پیلانگێڕان بۆ برسیكردنی دانیشتوان، تاوانێكە دژی مرۆڤایەتی، تاوانباران و یاریدەدەرانیان، ڕوبەڕووی دادپەرەوەری دەبنەوە”.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، سزای بەسەر 18 بانكی ئێران دا سەپاندووە.

بەر لەو هەواڵە كە لە ماڵپەڕی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دا بڵاوكراوەتەوە، ئەمڕۆ پارتی كۆماریی ئەمریكا لە كۆنگرێس ڕایگەیاندبوو، “ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر كەرتی دارایی ئێران دا.”

بە گوتەی كاربەدەستانی ئەمریكا، سزاكان ئەو بانكانەی ئێران دەگرنەوە، كە تا ئێستا بەدەربوون لە سزاكانی ئەمریكا و لە گەڕەكانی تری سزاكاندا بۆ سەر دامەزراوە و كەسایەتییەكانی ئێران، سزایان بەسەردا نەسەپێندرابوو.

سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر كەرتی دارایی ئێران وەك ئاڵه‌نگارییەكە بۆ ئەمریكا، چونكە پێشتر ئەوروپا هۆشداری دابوو لەو هەنگاوە و چەند وڵاتێكی ئەوروپا ڕایانگەیاندبوو، “ئەو سزایانە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی ڕێگەكانی هاوردەكردنی شمەك و كاڵا و پێداویستی لەبەردەم ئێران دا.”

سزا نوێیەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لەكاتێكدا دێن، كە تەنها چەند هەفتەیەك ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا، هاوكاتی ئەوەش، ئێران باس لەوە دەكات كە چالاكییە ئەتۆمییەكانی دەستپێدەكاتەوە.

 

بابەتی پێشتر

بەڕێوبەری دەروازەی سەرزێڕ: لایەنێک بە کوشتنی ئەفسەرەکەی ئاسایش تۆمەتبار ناکەین

بابەتی دواتر

سێ پێکدادانی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕویانداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share