وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نێچیرڤان بارزانی فەرمانی هەرێمی بۆ دامەزراندنی سێ دادوەر بۆ دادگای پێداچوونەوەی سلێمانی و دهۆك دەركرد.
دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، “پاڵپشت بە بڕگەی 16یەم لە ماددەی 10یەمی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ـ عێراق، ژمارە یەكی ساڵی 2005ی هەمواركراو، ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی فەرمانی هەرێمی بۆ دامەزراندنی سێ دادوەر بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان واژووكردووە”.
راشیگەیاند، فەرمانی هەرێمی بۆ دادوەر جاسم جەزا جافر وەك سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، دادوەر جاسم محەمەد مستەفا جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆك، دادوەر تاهیر عەلی حەسەن، دادوەری دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی دەركردوە.
وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكردوە، نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی بایەخدان بە دامەزراوەی دادوەریدا و بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی دەسەڵاتی دادوەری، لەبەر رۆشناییی داواكاریی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، دامەزراندنی دادوەرانی واژووكردوە و لە ئەمڕۆوە فەرمانی هەرێمییان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و دوای سوێندخواردن ئیتر وەك ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەستبەكاردەبن.