كۆمسیۆن خشتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پەسەندكرد

كۆمسیۆن خشتەی پەیوەست بە كاتی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پەسەندكرد و ئاماژەش بە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ شاندێكی كوردستان دەكات بۆ تاوتوێكردنی ئامادەكارییەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی كۆمسیاران خشتەكەی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2024دا پەسەندكردووە.

میدیای فەرمیی عێراق لە زاری غەلای وتیشی، “كۆمسیۆن كارەكانی تەواوكردووە لە نوێكردنەوە و تۆماركردنی تۆماری دەنگدەرانی هەرێم بەشێوەی بایۆمەتری و ئەو لەدایكبووانەی ساڵی 2006 كە دەتوانن دەنگبدەن”.

كۆمسیۆن ژمارەیەك رێكار و سیستمی تایبەت بە دەنگدان، جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان پەسەندكردووە، لەگەڵ پێنج رێكاری دیكە لەوانە سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردن، رێكاری پەیوەست بە چاودێرانی ناوخۆیی هەڵبژاردن، رێكاری پەیوەست بە چاودێرانی دەرەكیی هەڵبژاردن، رێكاری پەیوەست بە میدیاكان و رێكاری بریكاری كاندید و پارت و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان، غەلای وای وت.

دووپاتیشیكردەوە، كۆمسیۆن ئامادەیە بۆ دوو هەڵبژاردن، یەكێكیان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 18ی كانونی یەكەم، لەگەڵیشیدا ئامادەكاری دەكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 25ی شوباتی 2024.

وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، وادەی سبەی دیاریكراوە بۆ تاوتوێكردنی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن لەگەڵ شاندێك بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی دیوانی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

بابەتی پێشتر

کرێکارێک لە کاتی کارکردندا گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

راگه‌یەندراوی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share