نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد.
لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، “محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد”، هاوکات چەند پرسێکی ناوچەیی گرنگیان تاوتوێکرد.
سەردانەکەی وەزیرەی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە بڕیارە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سبەینێوە چەند گەشتێک ئەنجامبدات کە بە تارانی پایتەختی ئێران دەستپێدەکات و دواتر چەند وڵاتێکی کەنداو بەسەردەکاتەوە.
هیشام ریکابی، ڕاوێژکاری میدیایی سەرۆک وەزیرانی عێراق کارنامەی گەشتەکەی سودانی ئاشکرا کرد و وتی، “ئەو گەشتە دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراق بۆ ئارامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دیدگای بەغداد دەخاتەڕوو سەبارەت بەو کارانەی کە لە کۆبوونەوەی لوتکەی قاهیرەدا پێشنیاری کردووە”.