ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، وەزارەتی دارایی و شاندی دانوستانكاری راسپارد، لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ بەغداد، داواشیكرد، بڕی پارەی تەرخانكراوەكانی مووچەی ھەرێم لە پێوەری خەرجی ڕاستەقینە جیابكرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەڕێوەچوو لە كۆبوونەوەكە چەند تەوەرێكی پەیوەست بە كێشەكانی نێوان ھەرێم و حكومەتی فیدراڵ تاوتوێكرا و لەوانەش راپۆرتی شاندی هەرێم و كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بە ژمارە و داتای دروست وەڵامی پرسیارەكانی تایبەت بە بودجەی هەرێم دراوەتەوە، لە بارەی داھات و خەرجییەكان و نەوت و دەروازە سنوورییەكان.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و شاندی دانوستانكاری راسپارد، لە پەیوەندیی بەردەوامدابن لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ جیاكردنەوەی تەرخانكراوەكانی مووچەی ھەرێم لە پێوەری خەرجی ڕاستەقینە ھاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق و ھەمواركردنەوەی ماددەكانی پەیوەندیدار بەو بابەتە لە یاسای بودجە.
ھاوكات پوختەی ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی وردبینیی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێریی دارایی خرایەڕوو كە لە ساڵی 2023 ئەنجامدراون، لە دەرەنجامی پڕۆسەی وردبینیەكەدا، سێ ڕاپۆرتی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێریی دارایی پێشكەشكراون كە تایبەتن بە داھات و خەرجییەكان بە گشتی و بە نەوت، دوا راپۆرتیش تایبەتە بە میلاكی گشتیی ھەرێم و بڕی مووچەكان، دوای وردبینی ھەردوو دیوانی چاودێریی، ژمارەی مووچەخۆرانی ھەرێم و بڕی مووچەكانیان پشتڕاستكراونەتەوە.