موقتەدا سەدر و پارتەكەی پێداگیری دەكەن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دوانەخرێت و لە وادەی خۆیدا بەڕێوەببرێت.
هاوپەیمانیی سائیرون كە نوێنەرایەتیی ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر دەكات، هەڵوێستی هاوپەیمانێتی و ڕەوتەكەی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە ئاشكراكرد.
سەلام شمەری، ئەندامی هاوپەیمانیی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “هەندێك لایەن هەوڵدەدەن باز بەسەر داواكاریی هێزە نیشتمانییەكاندا بدەن و هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە دوابخەن، ئەوەش قبوڵكراو نییە و هەڵوێستی سیاسیی بەهێزمان لەدژی دەبێت.”
شمەری لە ڕاگەیاندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 29ی كانونی یەكەم بڵاویكردەوە، هەڵوێستی نەگۆڕی ڕەوتی سەدر-ی خستەڕوو و وتی، “هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێكی گەورەیە بۆ گۆڕانكاری و گوزارشتی ڕاستەقینەی جەماوەر و هێزە سیاسییە نیشتمانپەروەرەكان، هەر هەوڵێك بدرێت بۆ پەكخستن یاخود دواخستنی، لەدژی دەوەستینەوە.”
نوێنەرەكەی سەدر لە پەرلەمان جەختیكردەوە كە “هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی حوزەیرانی داهاتوو گرنگە، چونكە حكومەتێكی نوێی لێدێتە ئاراوە كە داواكاری و خواستی جەماوەری ئاشتیخواز بەدیدەهێنێت.”
هاوكات، سەڵاح عوبێدی، وتەبێژی موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، “وەك رەوتی سەدر خواستمان هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا 100 كورسی بەدەستبهێنین و ڕابەرایەتیی بارودۆخەكە بگرینەدەست.”