بارودۆخی بەچی گەیشتووە؟ حەوت ساڵ بەسەر خەواندنی شوماخەر تێپەڕدەبێت

مایکڵ شوماخەری ئەفسانەی فۆرمولا 1 ماوەی حەوت ساڵە لەبەرچاوان ونبووە

ئەمڕۆ، سێشەممە حەوت ساڵ بەسەر ڕووداوی برینداربوون و دوورکەوتنەوەی مایکڵ شوماخەری ئەفسانەی فۆرمولا 1 تێپەڕدەبێت.

ڕێکەوتی 29ی کانونی یەکەمی 2013 مایکڵ شوماخەر لەگەڵ کۆرینای هاوسەری لە چیای ئەلب – فەرەنسا، لە کاتی ئەنجامدانی یاری خلیسکانی سەربەفر دووچاری ڕووداوی کەوتن هات و مێشکی زیانی بەرکەوت.

ئەفسانەکەی تیمی فێراری و مێرسیدس بە فڕۆکەیەکی تایبەت گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی گرۆنۆبڵ، بەپەلە دوو نەشتەرگەری لە مێشکیدا بۆ ئەنجامدرا و دواتر بە شێوەیەکی دەستکرد خرایە حاڵەتی کۆماوە (خەواندن)، پاش چەندین مانگ لە چارەسەر شۆفێرەکە بە بێهۆشی گوێزرایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە جنێڤ- سویسرا.

ماوەی حەوت ساڵە ئەفسانەی خێرایی هەواڵی نییە، تەنها چەند کەسایەتییەکی وەک سابین کیمی پارێزەری خێزانی شومی و فیلیپی ماسای شۆفێری هاوڕێی و جۆن تۆدی بەڕێوبەری تیمی فێراری توانیویانە سەردانی بکەن.

ئەو کەسایەتییانەش لەسەر داوای خێزانی شۆفێرەکە ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەک ئاشکرابکەن، تەنها ئەوەندە نەبێت ئیلیزابێتا گریگۆراچی هاوڕێی خێزانەکە لە ساڵی 2014 ڕایگەیاند، “شومی لە جێگەدا کەوتووە، بە چاوەکانی ئاماژە دەکات و تەنها سێ کەس دەتوانن ڕۆژانە چاویان پێیبکەویت”.

حاڵی حازر شوماخەر لەناو ڤێلای خێزانەکەی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی بۆ بونیادنراوە و بارودۆخی بە هەمان شێوەی ساڵی 2013یە و گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا نەهاتووە، لەو ماوەیەشدا کوڕە بچوکەکەی “میک شوماخەر” توانیویەتی وەک شۆفێری تیمی هاس بۆ ساڵی 2021 بەشداری چالاکییەکانی فۆرمولا 1 بکات.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا شومی چاکدەبێتەوە؟ دەتوانێت کوڕەکەی لەناو حەلەبەکانی فۆرمولا 1 ببینێت؟

بابەتی پێشتر

پارتەكەی سەدر: ئەوەی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدات بە توندی لەدژی دەوەستینەوە

بابەتی دواتر

بەپێی ئامارەکان کوشتنی ڕۆژنامەنوسان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share