ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدەدات و تاووتوێکردنی هەنگاوەکانی وردبینیکردن لە ژمارەی فەرمانبەران بەشێکە لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە و لە بڕگەی یەکەمدا دواهەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی وردبینیکردنی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵی و هەرێم دەخرێتە ڕوو”.
ئاشکراشیکرد، “لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان و دواپەرەسەندنەکانی ئەم پرسە لە نێوان عێراق و تورکیا باس و گفتوگۆی لێوە دەکرێت و بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڕەوشی پێكهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت”.