رۆژنامەی ئەلعەرەب: هەست بە نەبوونی كەسایەتییەكی كاریزمی و یەكخەر دەكرێت

یادکردنەوەی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆكی عێراق، تەنها بۆنەیەک نەبوو بۆ یادکردنەوەی تایبەتمەندی و سیفاتە کەسییەكانی، بەڵکو بۆنەیەك بوو بۆ تیشک خستەسەر پێویستیی عێراق بەم جۆرە لە سەركردە کە پەیوەندییە تەسکەکان تێدەپەڕێنێت و توانای یەکخستنی لایەنەکان و نزیککردنەوەی دیدگای نەیارانی هەیە بۆ ئەوەی وڵات لە ململانێكان رزگاربکەن کە لە مێژە زیانیان بە یەکێتیی ناوخۆیی وڵات گەیاندووە و هەڕەشەن بۆسەر یەكگرتوویی و سەقامگیرییەكەی.

هەستكردن بە نەبوونی كەسایەتییەكی سیاسیی كۆكەرەوە و دوور لە ململانێی تایفی، ئاینی و نەتەوەیی تەسك كە زیاتر لە دوو دەیەیە وڵاتی گرتووەتەوە، باڵی بەسەر ئەو یادەدا كێشا كە لە بەغداد بە یادی شەشەمین ساڵیادی كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سەركردەی كورد و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق ئەنجامدرا.

مام جەلال لە 3ی تشرینی یەكەمی 2017 كۆچی دواییكرد و بۆشاییەكی هەستپێكراوی لە گۆڕەپانی عێراقیدا جێهێشت. بەهۆی ئەوەی یەكێك لە دواهەمین سەركردە عێراقییەكانی دوور لە مەزهەب و تایفە بوو، بەراورد بە زۆرینەی زۆری ئەو توێژە سیاسییەی لە پاش ساڵی 2003 دەركەوتن و بە رووكەشی پێشنیار و تەسكی ئاسۆ و زۆریی ململانێكانیان جیادەكرێنەوە و ئەوەش بەڕوونی رەنگدانەوەی هەیە لەسەر دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابوری و كۆمەڵایەتیی عێراق.

یادكردنەوەكە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە كەسایەتی و سەركردە عێراقییەكان بەڕێوەچوو، لەنێویاندا عەبدوللـەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران.

هەروەك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەركردەی حزب و فراكسیۆنە عێراقییەكان بەشداربوون، سەرەڕای سەرۆك و نوێنەری ژمارەیەك لە نێردە دیپلۆماسییە بیانییەكان.

لەنێو ئەو دەربڕین و ستایشانەی لە یادەكەدا پێشكەشكران، باس لە گرنگیی كەسایەتیی جەلال تاڵەبانی كرا، بەهۆی ئەزموونە بەرفراوان و وردبینییە سیاسییەکەی کە وایلێکرد، بەڕاستی و لە زیاتر لە بۆنەیەکدا، نێوەندگیری لە نێوان لایەنە سیاسییەکان جیاوازەكاندا بکات كە خاوەن بۆچوون و ئاراستەی جیاواز و دوور لە یەكبوون.

سیاسییە عێراقییەكان كە هاوشانیی بەشێك لە كاروانە درێژەكەی تاڵەبانی-یان كردووە دەڵێن، كاریزمای كەسایەتییەكە، توانای چارەسەری زۆرێك لە پرسە دژوارەكان و تێپەڕاندنی بەشێكی زۆری دۆخە سەختەكانی پێدا، كە بە روونی رووبەڕووی عێراق دەبووەوە و دەبوونە هۆی دروستبوونی ململانێی توند لەنێوان ئەو لایەنانەی لە قۆناغی پاش ساڵی 2003 ركابەرییان لەسەر دەسەڵات دەكرد.

ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ ئەو متمانە باڵایەی لە كەسایەتییەكەیدا دەركەوت كە ئارەزووی بۆ دەسەڵات و پۆست نیشان نەدا، سەرەڕای ئەوەی بوارێكی فراوان لە بەردەمیدا واڵاببوو، پاش رووخانی رژێمی سەدام حسێن-ی سەرۆكی پێشوو و، دووپاتیشیدەكەنەوە كە بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە 2005 و 2010 بەهۆی كۆدەنگی بوو لەسەر كەسایەتییەكەی.

ئیحسان شمەری، شیكەرەوەی سیاسیی عێراقی دەڵێت، “ئامادەنەبوونی تاڵەبانی كاریگەرییەكەی گەورەی لەسەر نوخبەی سیاسی و پەیوەندییەكانی نێوانیان دروستكردووە، ئەو تا رادەیەکی زۆر، کۆنتڕۆڵی ریتمی گەمە سیاسییەکەی دەکرد و رێگەی بە لەدەستدەرچوونی كاروبارەكان نەدەدا”.

هەروەك عیسام فەیلی، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان باس لە نەبوونی مام جەلال دەكات و دەڵێت، “زۆر ئەستەمە كەسایەتییەك بۆ جێگرتنەوەی تاڵەبانی بدۆزیتەوە كە خاوەن هەمان كاریزما بێت كە ئەو خاوەنی بوو” ئاماژەی بەوەشكرد ئەو “سەمام ئەمان بوو، چونكە لە دەرەوەی سەرجەم ئینتما تایفی و نەتەوەییەكان بوو” دووپاتیشیكردەوە، “توانای بونیادنانی لێكنزیككردنەوە و دەستپێشخەریی سیاسیی بێپێشینەی هەبوو”.

وەك چۆن نەبوونی مام جەلال كاریگەری لەسەر كۆی گۆڕەپانی عێراق هەبوو، ئەو بۆشاییەی دروستیكرد لە هەرێمی كوردستانیش بە ئاستێكی گەورە هەستیپێكرا، بەتایبەت بەهۆی تێكچوونی هاوسەنگی نێوان دوو هێزە سیاسییە دیارەكەی هەرێم كە بریتین لەو حزبەی خودی تاڵەبانی دروستیكرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و، پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی.

پاش ساڵانێك لە پاشەكشەی دوای كۆچی دوایی مام جەلال، یەكێتی بەمدواییە پێگەی خۆی بەدەستهێنایەوە بەهۆی هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی، كە چاودێران دەڵێن زۆرێك لە سیفەتەكانی باوكی هەڵگرتووەتەوە بە بەڵگەی تۆڕێكی فراوانی پەیوەندی كە توانیویەتی لەناو عێراق و دەرەوەیدا بیچنێت لەگەڵ لایەنەكانی سەرجەم ئاراستە فیكری و سیاسییەكان.

عەبدوللـەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لە یادەوەریی كۆچی دوایی مام جەلال-دا رایگەیاند، “كۆچكردوو بەشێكی دانەبڕاو بوو لە عێراق و كوردستان، میراتێکی مێژوویی گەورەی بەجێهێشت و كۆچی دواییشی بۆشایییەکی گەورەی دروستكرد”، ئەوەشی وت، “كاریكرد لەپێناو عێراقێكی دیموكراتی و ئازاد و سەقامگیر”.

ئاماژەی بەوەشكرد، مام جەلال زۆر جار ئەوەی دووپاتدەكردەوە كە “گەلی عێراق بە فرەچەشنی و پێکهاتەکانیەوە سەرچاوەی هێزن نەک لاوازی، هەمیشە ئەو دەستەواژەیەی دووبارە دەکردەوە (هەموومان پێکەوە جوانترین وەك چەپكە گوڵ)”.

جەلال تاڵەبانی بەوە جیادەكرایەوە كە پەیوەندییەكی سیاسی و دیپلۆماسی فراوانی لەسەر ئاستی عێراق، وڵاتانی هەرێمایەتی و رۆژئاوا هەبوو. حەز و خولیای بۆ سیاسەت هەرزوو دەستیپێكرد كاتێك خوێندكاری سەرەتایی بوو، ساڵی 1947 دەبێتە سەرەتای كاری سیاسیی ئەو، كاتێك بووە ئەندامێكی كاریگەری ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەلا مستەفا بارزانی، لە ساڵی 1951دا بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

لە ساڵی 1953دا لە كۆلێجی ماف لە بەغداد وەرگیرا، بەڵام ناچاربوو واز لە خوێندن بهێنێت كاتێك لە ساڵی خوێندنی چوارەمیدا بوو لە ساڵی 1956 بەهۆی هەڵهاتن لە دەستگیركردن لە ئاكامی چالاكییەكانی لە ریزەكانی رێكخراوی قوتابیاندا.

لە حوزەیرانی 1958 پاش كۆتاییهێنان بە رژێمی پاشایەتی، گەڕایەوە بۆ كۆلێجی ماف و درێژەی بەكاركردندا وەك رۆژنامەنووس و نووسەر لە گۆڤار و رۆژنامە كوردییەكاندا، دوای دەرچوونیشی لە ساڵی 1959 بانگێشتكرا بۆ ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی لە سوپای عێراق و، لە هەردوو یەكەی تۆپهاوێژ و زرێپۆش خزمەتی كردووە و فەرماندەی یەكەی تانك بووە.

لە ناوەڕاستی شەستەكاندا چەندین ئەركی دیپلۆماسی ئەنجامداوە كە سەركردە كوردەكان لە كۆبوونەوەكاندا لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشدارییان تیاكردووە. كاتێك جیابوونەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1964دا روویدا، تاڵەبانی ئەندامی باڵی مەكتەبی سیاسی بوو كە لە باڵی مەلا مستەفا بارزانی جیابووەوە.

پاش شكستی شۆڕشی كورد لە ساڵی 1974دا، جەلال تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەك لە تێكۆشەرانی هاوڕێیدا لە دیمەشق-ی پایتەختی سوریا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ی دامەزراند، لەوكاتەوە بە هەڵگری بەیداخی پرسی كورد و كاروانی دیموكراتی لە عێراق ناودەبرێت.

دوای رووخانی رژێمی عێراق لە ساڵی 2003دا تاڵەبانی رۆڵ و پێگەی جۆراوجۆری گرتەئەستۆ لە یەكخستنی ریزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە دەرەوەی وڵات، لە ساڵی 2005 وەك سەرۆكی عێراق هەڵبژێردرا و ساڵی 2010ش بۆ ویلایەتی دووەم هەڵبژێردرایەوە.

دوور لە سیاسەت، ئەو كەسانەی لە نزیکەوە مام جەلال-یان دەناسی، زۆرجار باس لەوەدەكەن كە كەسایەتییەكی سادە و قسەخۆشی خاوەن سامانێکی گەورەی کەلتووری هەبوو، وەک چۆن تاڵەبانی بەوە ناسراوە کە خولیای خوێندنەوەی هەبووە و زۆر شیعری لەبەربووە، لەوانەش شیعری مەهدی جەواهیری-ی شاعیری گەورە.

س: ئەلعەرەب

بابەتی پێشتر

ئیمارات پێدانی ڤیزای بەم هاوڵاتییانەی عێراق راگرت

بابەتی دواتر

دەزگای ئاسایش: مانگی رابردوو 73 كەس بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share