سەمیر هەورامی: پشكی هەرێم ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و تەنها دانیشتنی پەسەندكردنی ماوە

بڕیارە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدرێت

وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دەقی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و تەنها دەنگدانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ماوە.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شەممە 20ی ئازار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دەقی تایبەت بە پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و تەنها ئەوەندە ماوە دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەڕێندرێت.

وتیشی، “ئەوەش دوای ئەوە هات كە ئێوارەی دوێنێ ئەو دەقەی وەك جێگرەوەی دەقەكەی پێشووی حكومەت بە هاوبەشی بەشێك لە پەرلەمانتاران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران نوسیمانەوە، لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنەوە پەسەندكرا”.

سەمیر هەورامی ئەوەشی دوپاتكردەوە، ئەو دەقە نوێیە هیچ گرفتێكی لەسەر نەماوە و بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ بڕگەكانی دیكەی بودجە دەنگی لەسەر بدرێت.

بەپێی دەقە نوێیەكەی مادەی 11ی بودجە كە تایبەتە بە هەرێم و تۆڕی میدیایی ئێستا وێنەیەكی دەستكەوتووە، لە بڕگەی یەكەمیدا هاتووە شایستەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم لەنێوان ساڵانی 2004 تا 2020 یەكلادەكرێتەوە پاش وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی ناوەند بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم بۆ دیاریكردنی ئەژمێری كۆتایی پەسەندكراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی ناوەند.

هەروەك بڕگەی دووەمی مادەكە لە چەند خاڵێك پێكهاتووە و پوختەكەی بریتییە لە:

أ. بڕی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم بە نزیكەی 460 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەخەمڵێندرێت، لەو ژمارەیە بڕی تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بڕی بەكاربراوی ناوخۆ و پشكی تایبەت بە پتڕۆدۆلار دەردەكرێت و حكومەتی هەرێم پابەنددەبێت بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆ.
ب. بڕگەی (أ) بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم جێبەجێ دەكرێت.
ج. حكومەتی هەرێم پابەنددەبێت بە ڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی بەپێی یاسای ئیدارەی مالی.
د. ئەو بڕەی لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە لە ڕەسیدی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) دەدرێتەوە لەڕێی قیستی ساڵانەوە لەسەر پشكی هەرێم و لەمساڵەوە دەستپێدەكات.
هـ. حكومەتی ناوەند پابەنددەبێت بە پێدانی شایستە داراییەكان بە هەرێمی كوردستان لەكاتی جێبەجێكردنی بڕگەی دووەمی ئەم مادەیە لەلایەن هەرێمەوە.

هەروەها لە بڕگەی سێیەمی مادەی 11دا حكومەتی هەرێم پابەندكراوە بە خەرجكردنی موچە و دەرماڵەی موچەخۆرانی هەرێم.

هاوكات دوو بڕگەی دیكە زیادكراوە تایبەت بە ناردنی ناو و زانیاری سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی لەلایەن هەرێمەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، جگە لە گواستنەوەی پلەی وەزیفی و تەرخانی دارایی فەرمانگە فیدڕاڵییەكان بۆ سەر میلاكی فەرمانگە بنەڕەتییەكانیان.

بابەتی پێشتر

هەوڵێكی بەقاچاغبردنی نەوت لە كێڵگەكانی كەركوك پوچەڵدەكرێتەوە

بابەتی دواتر

كەشناسی كەشوهەوای ڕۆژانی نەورۆز ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار