بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە قۆناغێكی نوێی كاری حزبی و رێكخراویی دەستپێدەكەین و بە نوێگەری لە كار و كۆدەنگی لە بڕیارەكانماندا یەكێتی بەهێزتردەكەین و لەپێناو خزمەتی خاك و خەڵكەكەمان تێدەكۆشین.

لە پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتیدا هاتووە، یەكێتییە سەربەرزەكان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، تێكۆشەرانی شۆڕشی نوێ، كەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی ، لە دڵەوە سوپاسگوزاری هەمووتانم كە بە ئەوپەڕی پەرۆشی و دڵسۆزییەوە هەوڵتاندا بۆ سەرخستنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گەیشتن بەم ئامانجە مێژووییە كە سەرەتایەكی نوێ و گرنگە بۆ جۆشدانەوەی گیانی یەكێتیبوونمان و خزمەتكردنی خەڵكە خۆڕاگرەكەمان.
دەشڵێت، “لە ئەمڕۆوە هەموومان بە رۆحێكی یەكێتییانەوە، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی چەندساڵەی تێكۆشەرە دێرینەكانمان، بە وزەی گەنجە داهێنەر و خوێنگەرمەكانمانەوە كە گەورەترین سەرمایەی نیشتمانین و داهاتووی وڵاتەكەمانن، بە شارەزایی و ئەزموونی ژنە لێهاتووەكانمانەوە، قۆناغێكی نوێی كاری حزبی و رێكخراویی دەستپێدەكەین و بە نوێگەری لە كار و كۆدەنگی لە بڕیارەكانماندا، یەكێتی بەهێزتر دەكەین و لەپێناو خزمەتی خاك و خەڵكەكەمان تێدەكۆشین”.
سەرۆك بافڵ لە پەیامەكەیدا دەشڵێت، “ئەمڕۆ پێكەوە رۆ‌‌حی شەهیدان، رابەر و سەركردەمان سەرۆك مام جەلال و سەرجەم سەركردە كۆچكردووەكانمان شاد كرد و دڵنیاییش بەهەموو یەكێتییەكان و خەڵكی خۆشەویستمان دەدەین كە یەكێتی وەكچۆن لە رابردوودا سەرمەشقی خەبات و تێكۆشان بووە، لە داهاتووشدا بوونیادنەری ئاوەدانی دەبێت و گەشەپێدەری بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگە دەبێت، ئێمە لە هەناوی خەڵكەوە دروستبووین و بەرامبەر ئەم رابردووەشمان وەفاداردەبین”.
هەر لە پەیامەكەیدا هاتووە، “بە دەرفەتی دەزانم سوپاسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پێشوو بكەم كە دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە لەبەرامبەر ئەرك و ئاڵنگارییەكاندا، سەركەوتووانە ئەركەكانیان راپەڕاند و پیرۆزباییش لە سەركردایەتیی نوێ دەكەم و چاوەڕوانیی ئەوەیان لێدەكەم بە هەموو توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە كار بۆ پاراستنی رێبازی مام جەلال بكەین و یەكێتییەكەمان بپارێزین، هەموو ئەو هەڤاڵانەش كە لە دەرەوەی سەركردایەتی دەبن، برا و هەڤاڵی منن و پێكەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكان بەردەوامدەبین و یەكێتیی هیچ كەسێكی لێ زیاد نییە و شانازیی بە هەموو ئەندام و لایەنگرانییەوە دەكات و دەرگای بۆ هەموو ئەوانەش كراوەیە كە دەیانەوێت لە ریزەكانی ئەم حزبە تێكۆشەرەوە خەبات بۆ كوردستان بكەن”.
سەرۆكی یەكێتی وتیشی، “هەروەها لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاڕاستەی هەموو ئەو تێكۆشەرانە دەكەم كە لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیانی یەكێتیدا، دڵسۆزانە خزمەتی رێبازی شەهیدانیان كرد و لە یەكێتییەكەی خۆیان دانەبڕان، ئەوان بەشێكی گەورەبوون لە پاراستن و گەشەپێدانی یەكێتی و رۆڵ و كاریگەرییان لەیاد ناكەین”.
وتیشی، “دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابن، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەمان دڵسۆزی خۆی و بە سیاسەتێكی گونجاو و سەردەمییانە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بەردەوامدەبێت. خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد دەكات و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایانەش بڕوای تەواومان بە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی هەیە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكاندا و دەمانەوێت هەموومان پێكەوە لەچوارچێوەی هەرێمێكی سەقامگیردا، خزمەتگوزاری پێشكەشبكەین و داهاتوویەكی گەشتر بوونیادبنێین، دووركەوتنەوە و ترازان خزمەتمان ناكات و سەپاندنی ئیرادەی تاكڕەویی زیاتر دۆخەكە دەشێوێنێت، بۆیە هیوادارم هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بكەن و لەپێناو ئەو چارەنووسە هاوبەشەی وەك كورد هەمانە، خەبات بكەین و مێژوویەكی پڕ لە شانازی بۆ خۆمان و حزبەكانمان تۆمار بكەین”.
سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت، “هەروەها دڵنیاتان دەكەمەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دیدگا و ستراتیژێكی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لەبەغداد پەیڕەو دەكات، سیاسەتێك كە خۆی لە هاوبەشیی راستەقینە، پاراستنی ئاشتی و پێكەوەژیاندا دەبینێتەوە. بێگومان سەرۆك مام جەلال بناغەدانەری ئەم سیاسەتەیە و ئێمەش بە شانازییەوە بەهەمان رێگەدا هەنگاودەنێین، پاڵپشتی و پشتگیریی دۆستەكانیشمان لە بەغداد لەیادناكەین كە هاوكاربوون بۆ بەدیهێنانی مافەكانی كورد و هەوڵەكانیان بەرز دەنرخێنین”.

لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆك بافڵدا هاتووە، “سوپاسی زۆرم ئاڕاستەی هێزەكانی پێشمەرگە، دژەتیرۆر، كۆماندۆ، ئاسایش، ئۆپراسیۆن، پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ دەكەم كە لەماوەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەدا ئارامی و سەلامەتیی هۆڵی كۆنگرەیان پاراست و دەستی ماندووبوونیان دەگوشم و هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم رۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەكان بەرزدەنرخێنین كە لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵمانبوون و پەیامی كۆنگرەیان گەیاند و داوای لێبوردن لە خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانیی سەربەرز دەكەم ئەگەر لە رۆژانی رابردوودا بووینەتە ئەرك و بارگرانی بۆتان، ئێوە كەسی ئێمەن و دڵنیابن لەیادی ناكەین”.

بابەتی پێشتر

فڕۆكەجەنگییەكانی توركیا بۆردومانی سێ ناوچەی هەرێم دەكات

بابەتی دواتر

نووسراو بۆ گواستنەوەی راژە و مووچەی مامۆستایان بۆ سەر بەغداد كرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانتارێك: بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە پێویستە هـەرێم رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ بەغداد بكات

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق چەند دۆسیەیەكی لەسەر هەرێمی كوردستان كردووەتەوە كە چارەسەركردنیان لەم قۆناغەی ئێستادا ئاستەمە…
Total
0
Share