وەزارەتی ناوخۆ: لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 17 هەزار چەکی بێمۆڵەت تۆمارکراوە

ئاگادارییەک لە وەزارەتی ناوخۆوە ئاراستەی ئەو کەسانە کرا کە چەکی بێمۆڵەتیان هەیە، بەپێی ئاگادارییەکە هەرکەسێک بۆی هەیە لە ماوەی دوو مانگدا داوای مۆڵەت بکات تاوەکو لە سزا ببوردرێت.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا لەڕێگەی کردنەوەی 90 بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینەوە، زیاتر لە 17 هەزار چەکی هاوڵاتییان تۆمارکراون و پسوڵەی تۆمارکردنیان بە هاوڵاتییان داوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە 22ی تەموزی 2023، یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

راشیگەیاندووە، ئەو هاوڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمارنەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی 12، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاوڵاتییان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێمۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.

دەقی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 12ی یاسای چەک بەمجۆرەیە:

” هەرکەسێک لە ماوەی 60 شەست رۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێت و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات”.

لە ئێستادا ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەکیان نیە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) یان لە دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان، راپەڕین، سۆران یان زاخۆ) بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ دەستداری یان بۆ هەڵگرتنی چەک بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.

لەگەڵ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتنی مۆڵەتی دەستداری یان مۆڵەتی چەک هەڵگرتن، تا وەڵامی داواکارییەکەی دەگرێتەوە، چەکەکەی وەکو چەکێکی ناسراو دەناسرێت و مامەڵەی چەکی قاچاغی لەگەڵ ناکرێت.

بۆ زانیاری هاووڵاتیان، بە گوێرەی ماددەی (٤) بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، هاووڵاتیان دەتوانن بۆ دوو جۆر مۆڵەت داواکاری پێشکەش بکەن:

یەکەم: مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی: واتا ئەو هاووڵاتیە داوا دەکات کە مۆڵەت وەرگرێت چەکێکی ئاگرینی هەبێت لە ماڵەوە (کلاشینکۆف یان دەمانچە یان هەردووکی) و مۆڵەتەکەی بە گوێرەی یاسای چەک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت. ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ هەبوونی چەکە بە شێوەی یاسایی لە ماڵەوە و مافی ئەوە نادات بە هاووڵاتی تا چەکەکە هەڵبگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.

دووەم: مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی: ئەم مۆڵەتە بۆ هەبوون و هەڵگرتنی چەکە و بۆ یەک ساڵ سوودی لێ وەردەگیرێ و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.

داوا لە هاووڵاتیانی ئازیز دەکەین کە سوود لەو ٦٠ رۆژە وەربگرن و ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە، دەتوانن سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە بکەن، بۆ ئەوەی بە فەرمی داوای مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەک بکەن.

هەروەها داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان لە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بپارێزن چونکە دەسەڵات دراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە هەبوونی زانیاری دەربارەی چەکی بێ مۆڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لەگەڵ دەستبەسەر کردنی هەر پارچە چەکێکی بێ مۆڵەت، هەڵگرەکەی بەگوێرەی ماددەی ١٥ لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دەدرێتە دادگا و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت.

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی

بابەتی دواتر

شاندێکی وەزارەتی نەوتی کوەیت لەبارەی کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانەوە سەردانی عێراق دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: یەكێتی دەبێت ئەو یەكێتییە بێت كە چەندین ساڵە هەموو یەكێتییەكان و كوردستانیان ئاواتی بۆ دەخوازن

قوباد تاڵەبانی ئەندامی نوێی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی كۆتاییهاتنی سەركەوتووانەی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە…
Total
0
Share