ساڵڕۆژی كۆچی دوایی شكۆی نیشتمان جیاواز لە ساڵانی رابردوو دەكرێتەوە

سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ، ساڵڕۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال (شكۆی نیشتمان)، جیاواز لە ساڵانی رابردوو دەكرێتەوە و بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری مام لە سلێمانی دەستپێبكات و لە نەجەف كۆتایی دێت.

باڵیۆز، د. محەمەد سابیر، سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: “ئامادەكارییەكانمان بۆ ساڵڕۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال بەكۆتا گەیشتووە و یادەكە لە سلێمانی و بەغداد و نەجەف دەبێت”.

راشیگەیاند، “ئەمە جگە لەوەی لە رۆژی 10ـی ئۆكتۆبەر، كورتە فیلمێك لەبارەی ژیانی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی نمایشدەكرێت”.

وتی‌: “رۆژی 3ـی ئۆكتۆبەر كە هاوكاتە لەگەڵ رۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، سەرەتای رێوڕەسمەكەدا بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری مام لە دەباشان دەستپێدەكات كە لەلایەن سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلالەوە رێوڕەسمەكە بەڕێوەدەچێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد،”هەمان رۆژ كاتژمێر 4ـی پاشنیوەڕۆ، رێوڕەسمێكی شایستە لە بەغداد لەژێر چاودێری سەرۆك كۆماری عێراق كە سەركردە عێراقییەكان بەشداردەبن و وتاریان دەبێت بەڕێوەدەچێت”.

سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئاشكرایكرد كە “هەر لە چوارچێوەی ساڵڕۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال دا، دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی بەحر لعلوم، كاتژمێر11ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی 4ـی ئۆكتۆبەر لە نەجەف دیدارێك كە چەند پانێڵیك لەخۆدەگرێت سازدەكەن، تێیدا چەند توێژینەوەیەك لەبارەی سەرۆك مام جەلال دەخرێنەڕوو”.

سەرۆك مام جەلال، یەكەم سەرۆك كۆماری كوردی‌ عێراق و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، رۆژی 17-12-2012 بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە لە بەغداوە رەوانەی ئەڵمانیا كرا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشیكی و بەداخەوە رۆژی 3-10-2017، دڵە گەورەكەی لەلێدان كەوت و كۆچی دوایی كرد.

بابەتی پێشتر

هۆکاری دابەزینی نرخی دۆلار ئاشکرادەکرێت

بابەتی دواتر

كۆمەڵی دادگەری: داهاتی ناوخۆ ئەوەندە لەبەردەستە كە بتوانرێت مووچە دابەشبكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share