ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دیدارێكیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق پاڵپشتیی هەوڵەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و پلانی پەرەپێدان دووپاتدەكاتەوە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەراوێزی كارەكانی كۆبوونەوەی 78ەمینی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبووەوە.
لە دیدارەكەدا پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە و دامەزراوەكانی خرایەڕوو.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە رۆڵی رێكخراوەكە كرد لە پاڵپشتیكردنی عێراق و هەوڵەكانی پەرەپێدانی سەقامگیری و ئاسایشی كۆمەڵایەتی، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی نوسینگەی سودانی-دا هاتووە.
لای خۆیەوە ئەمینداری نەتەوە یەكگرتووەكان پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەكانی حكومەت لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی و پلانی پەرەپێدان خستەڕوو.
هەروەك رۆڵی عێراقی بەرزنرخاند لە گرتنەبەری سیاسەتی گفتوگۆ و لێكنزیككردنەوەی تێڕوانینە جیاوازەكان، وەك پردی پەیوەندی و نزیككردنەوە لەنێوان وڵاتانی ناوچەكەدا.