وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە کە لەکاتی پشکنینی تاوەرەکانی کارەبا وەک ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان دەرکەوتووە کە لە قەزای شێخان ئاسنەکانی تاوەرەکانی کارەبا دزراون و نەماون.
لە راگەیەندراوی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، “لە نزیک گوندەکانی “جالیدۆک” و “زیناڤا ژووری” لە ناحیەی قەسرۆک، 400 پارچە ئاسنەکانی 10 تاوەری کارەبای هێڵی 132 کەی ڤیی (ئاکرێ-باعەردێ) لێ کراونەتەوە”.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، بەهۆی لێکردنەوەی ئەو ئاسنانە مەترسی لەسەر تۆڕی کارەبای ناوچەکە و گیانی هاوڵاتییانیش دروستبووە.
هەروەها دەڵێت، کارەبای دهۆک بە فەرمی داوا لە لایەنەکانی پەیوەندیدار دەکات بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بکەن و بە زووترین کات ئەنجامدەرانی رادەستی دادگا بکرێن.