بافڵ جەلال تاڵەبانی: ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستی

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، ‌‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبوون و برینداربوونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە.

‌‎بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراقە و لە چێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە”.

‌‎دووپاتیشیدەكاتەوە، لەبەرامبەر چەندبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییە، ئەركی هەموولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین.

‌‎سەرۆكی یەكێتی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵ بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت و داوای دەستبەجێ راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکات و داواش لە حکومەتی عیراقیش دەکات کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت.

‌‎هەروەك داوا لە هەموو دۆستان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكات “هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە”.

روو لە خەڵكی كوردستانیش دووپاتیدەكاتەوە، ‌‌‎پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتووییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكەمان بەرقەرار دەكەین و رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە.

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێك لە دژەتیرۆرەوە لەسەر رووداوەكەی عەربەت

بابەتی دواتر

شارەوانیی سلێمانی ئامادەکاریی بۆ وەرزی زستان دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share