لەبارەی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتییەوە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات ” یەكێتی نیەتی نوێگەری هەیە لەكاردا و لەم كۆنگرەیەدا هەڤاڵان قسەی لەسەردەكەن و کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی هیوا و ئومێد بۆ هاووڵاتییان دەگێڕێتەوە”.
ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە دیدارێكی تایبەتدا سەبارەت بە کۆنگرەی داهاتووی یەکێتی رایگەیاند “یەكێتی نیەتی نوێگەری هەیە لەكاردا و لەم كۆنگرەیەدا هەڤاڵان قسەی لەسەردەكەن، بەدیلی یەکێتی هەر یەکێتییە، چونکە لە ماوەی رابردوودا زۆر هێز هاتن و خۆیان تاقیکردەوە و وتیان دەیگۆڕین، بەڵام دواتر واقعی سیاسی دەریخست کە گۆڕانکارییەکان هەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، “کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی ئومێد بۆ هاووڵاتییانی کوردستان دەگێڕێتەوە و کاریگەری لەسەر ژیانیان دەبێت، پرۆگرام و هەیكەلی حزبەکەش دادەڕێژرێتەوە و دەگۆڕێت”.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی دەشڵێت: “ئەو رووداوانەی لە رابردوودا بەسەر یەکێتیدا هات هۆکاربوو بۆئەوەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان پاشەکشە بکات، خۆ ئەگەر بە دیدیگای یەکێتیەوە کار بکرایە زیاتر مافەکانی میللەتەکەمان دەستەبەر دەکرا و خواست و ویستی گەلەکەمان بەدیدەهات”.
لەلایەکیترەوە ستران عەبدوڵڵا تەئکید لەوەدەکاتەوە “ئەو دروشم و تێگەیشتنانەی یەکێتی، تێگەیشتن و بیرکردنەوەکانی خەڵکی کوردستانە و یەکێتی ئەرکێتی پارێزگارییان لێبکات، بەتایبەتی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان کە لەم قۆناغە و لە داهاتووشدا لە پێشەنگی کارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە”.