قوباد تاڵەبانی: کۆتایی بەو ستەمە دەهێنین کە بەرامبەر بە عەشیرەتەکانی سنووری بادینان دەکرێت

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، ئەم یەکێتییەی ئێستا بەهێز و خاوەن ئیرادەیە و لە هەموو کات زیاتر ئامادەیە بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە و دەشڵێت، ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی خەڵک و عەشیرەتەکانی بادینان سزای هێزی دەسەڵاتداری ناوچەكە بدەن.

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە ماڵی مام جەلال لە قەزای دوکان پێشوازی لە ژمارەیەک پیاوماقوڵ و کەسایەتیی ناسراوی عەشیرەتی هەرکی کرد.

لە دوای ئێوارەخوانێک، لە کۆبوونەوەیەکدا قوباد تاڵەبانی بە کەسایەتییەکانی عەشیرەتی هەرکی راگەیاند، وەکچۆن تا ئەو کاتەی مام جەلال لە ژیاندا بوو، ئەم ماڵە ماڵی ئێوە و هەموو عەشیرەتەکانی کوردستان بوو، ئێستا و لە داهاتووشدا، ماڵی مام جەلال ماڵی خۆتانە و ئێوە لەم ماڵەدا نەک هەر میوان نین بەڵکو خۆتان خانەخوێن.

دواتر باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەمجارە لایەنێکی سیاسی ناتوانێت بە ساختەکردنی دەنگی مردوو و ئاوارەوە هەڵبژاردن بباتەوە. ئاماژەی بەوەشدا ئەم یەکێتییەی ئێستا دوای سێ ساڵ لە خۆڕێکخستنەوە، یەکێتییەکەی چەند ساڵ لەمەوبەر نییە، بەڵکو یەکێتییەکی بەهێز و خاوەن بڕیار و ئیرادەیە و لە هەموو کات زیاتر ئامادەیە بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە و گۆڕینی شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی عەشیرەتەکانی کرد و رایگەیاند ئێمە بە وردی ئاگاداری ئەو زوڵم و زۆرەین کە بەرامبەر بە عەشیرەتەکان و هەر کەسێک دەکرێت کە وەک دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بیرناکاتەوە.

وتیشی، “یەکێتی خۆی بە پشتیوان و داکۆکیکاری کۆمەڵانی خەڵک و عەشیرەتەکانی ئەو سنوورە دەزانێت و لە دوای سەرکەوتن لەم هەڵبژاردنەدا کۆتایی بەو ستەم و جیاکارییانە دەهێنێت”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی خەڵکی بادینان و عەشیرەتەکانی ئەو سنوورە لەڕێی دەنگدانەوە سزای هێزی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە بدەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پیاوماقوڵ و کەسایەتییەکانی عەشیرەتی هەرکی باسیان لەو زوڵم و ستەمانە کرد کە پارتی لەو سنوورە بەرامبەر بە عەشیرەتی هەرکی و عەشیرەتەکانی زێباری، سورچی، رێکانی، بەرواری، شێروانی، سندی، مزوری و برادۆستی و.. دەیکات و جەختیان کردەوە لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆخە نالەبارەی کە چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنن.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاسایشی سلێمانی: شەش تۆمەتبار دەستگیرکران کە هاوکاریی هەڵاتنی راگیراوەکەی چاکسازیی سلێمانییان کردووە

ئاسایشی سلێمانی، رایدەگەیەنێت، “شەش تۆمەتبار دەستگیرکران کە هاوکاریی هەڵاتنی راگیراوەکەی چاکسازیی سلێمانییان کردووە”. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، لە…
زیاتر ببینە

مەحمود سەنگاوی: زۆرینەی هێزەکانی یەکێتی خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزەكانی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و زۆرینەی هێزەکانی یەکێتی خراونەتە سەر…
Total
0
Share