نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پردێکی هاوکاریی ئاسمانی لەنێوان عێراق و لیبیادا دروستدەکەن بۆ گواستنەوەی هاوکاری بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی زریانی دانیاڵەوە زیانیان بەرکەوتووە.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکردووە، بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، دوو گەشتی ئاسمانیی بەپەلە ئەنجامدران بۆ گەیاندنی هاوکاری بە زیانلێکەوتووانی زریانی دانیاڵ.
جەختیکردەوە، ئەو پردی پەیوەندییە بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی هاوکاری.
زریانی دانیاڵ کە بەشی باکوور و رۆژهەڵاتی لیبیای گرتووەتەوە ماوەی هەفتەیەکە بەشێک لەو شارانەی لیبیای وێران کردووە، شاری دێرنە زیانمەندترین ناوچەیە کە گیانلەدەستدان تێیدا پێشبینی دەکرێت بگاتە 20 هەزار کەس.