سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەرنامەی حكومەتی ئێستا پشتدەبەستێت بە كاركردن لەسەر فەراهەمكردنی سەقامگیریی بەردەوام و دوور لە ناكۆكییەكان.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوە و دەڵێت، جەختكراوەتەوە لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە یاسایی و داراییەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم بەپێی دەستوور و یاسا.
سودانی رایگەیاند، بەرنامەی حكومەتی ئێستا پشتدەبەستێت بە بنەمای كاركردن بەرەو فەراهەمكردنی سەقامگیریی بەردەوام دوور لە ناكۆكیییەكان، جەختیشیكردەوە لەسەر شێلگیریی حكومەت لە دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت كاریكردووە و بەردەوامە لەسەر زامنكردنی كاریگەرنەبوونی پێداویستییەكانی ژیانێكی شكۆمەندانەی هاوڵاتییانی عێراق، لەنێویشیاندا هاوڵاتییانی هەرێم، بە هەر كێشەیەكی یاسایی یان كارگێڕی.