وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە زانكۆلاین بۆ دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان كارادەكرێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە دەرچووانی ئامادەیی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان رادەگەیەنێت، رۆژی شەممە 9ی 9ی 2023 سیستمی زانكۆلاین بۆ دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان كارادەبێت و ئەوانیش دەتوانن داواكاریی بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی زانكۆلاین پێشكەشبكەن.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەبارەت بە ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) بەهەمان شێوە بۆ سەرجەم دەرچووانی ئامادەیی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەكراوە و ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەكان كراوە بۆ ئەوەی ئەم دەرچووانەش بتوانن بچنە نێو سیستمی زانكۆلاین.