فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیەنێت، کەرکوک شایستەی خزمەتکردن و قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیانە نەک لەبەر دار و پەردووی بینای بارەگایەک شارەکە بکرێتەوە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و خۆشکردنی زەمینەی ئاژاوە.
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، تەشەنەسەندنی نائارامی لەشاری کەرکوک ماییەی نیگەرانی قووڵمانە و لەکەناڵە پەرلەمانیی و سیاسیەکانەوە هەوڵدەدەین بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
دەشڵێت، “بەدڵنیاییەوە شەهیدبوون و برینداربوونی خۆپیشاندەران تاوانێکی گەورەیە و پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراقن و، دەبێت ئەنجامدەرانی بە سزای یاسایی بگەیەنرێن و دوای لێکۆڵینەوە، ئیجرائاتی سەربازی و ئیداری لەگەڵ ئەو لایەنانە بکرێت، کە بوون بە مایەی ئەو دۆخە نەخوازراوە”.
“دوای دەیان ساڵ لە ستەم و نەهامەتیی، کەرکوک شایستەی خزمەتکردن و قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و سڕینەوە ئاسەواری زوڵم و کارە چەوتەکانی رابردووە، نەک قووڵکردنەوەی کێشەکان و لەبەر دارو پەردووی بینای بارەگایەک شارەکە بکرێتەوە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و خۆشکردنی زەمینەی ئاژاوە” وەك ئەوەی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی پێداوە.
دڵنیاییش بە هاوڵاتیانی کەرکوک دەدات “بەهەموو توانایەکمانەوە بەرگری پەرلەمانیی و دەستووری لە هاوڵاتیانی خۆمان دەکەین و رووبەرووی هەموو ئەوانە دەبینەوە کە ستەم لە خەڵکی کەرکوک دەکەن و یاری بە ئاسایش و ئۆقرەیی کەرکوک و ژیانی دانیشتووانەکەی دەکەن”.
داواش لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی ئیتحادی دەکات هەنگاوی دەستووریی جددی بنێن و، رێگەنەدرێت خەڵکی کەرکوک ببنە قوربانی ململانێی تەسکی حزبی و موزایدەی بێناوەرۆکی سیاسی و هەرچی زووە جڵەوی ئەو هێز و لایەنانە بکەن، کە بێباکن لە ئارامی کەرکوک و ژیانی دانیشتووانەکەی.