دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم راگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە بڵاوكردەوە و دەڵێت، “بەداخەوە جارێكی تر كەركوك بەهۆی سیاسەتی جیاكارییەوە دەبێتە گۆڕەپانی ململانێیەكی ناهاوسەنگ و ئاسایش و ئاراميی شارەكە دەشێوێنرێت.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەم سیاسەتی هەژموون گەراییەی چەند لایەن و هێزێكی بەناوی پێكهاتەی عەرەبیەوە بە بیانووی جیاواز دژی كەركوكییەكان پەیڕەویدەكەن دۆخی شارەكە زیاتر دەشێوێنێت و ئەو متمانەو برایەتییەكەی كە هەیە تێكدەدرێت.
دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی راشیگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆش جارێكی تر دەرئەنجامی بە كەم بینینی كورد و هەوڵی فەرزكردنی هەژموون و ئیرادەی لایەنێك بەسەر لایەنێكی رەسەنی پێكهاتەی شارەكە، بەداخەوە سیاسەتی داگیركردنی جادە و شەقامە گشتییەكان لەناو جەرگەی گەڕەكە كوردێكاندا درێژكردنەوەی هەمان سیاسەتی هەژموون گەراییە و هەر جارەی بە بیانوویەك ئەنجامی دەدەن كە ئێمە پێمانووایە هەموو هێزێكی نیشتیمانی بەپێی دەستوور مافی بارەگا و هەڵسووڕانی سیاسی هەیە ڕێگری لە كردنەوەی بارەگاكانیش دژی دەستوورە،
دەستەی ناوچە كوردستانییەكان داوادەكات هەرچی زووە پەلەبكرێت لە هێوركردنەوەی دۆخەكە و ئەو لایەنانەی دۆخی شارەكەیان چەندین رۆژە شێواندووە رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حكومەتی عێراق هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی ئەو شارەدا ڕەچاوبكات و هیچ پێكهاتەیەك فەرامۆشنەكرێت، لە كۆتایدا پێویستە دەسەڵاتی لۆكاڵی كەركوك بە زووترین كات لیژنەیەك لەسەر بەناهەق گیانلەدەستدانی كاكە هاوكار دروستبكات و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە.