تەندروستیی گەرمیان لەبارەی كۆلێراوە هۆشداریدەدات

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان هۆشداری لە مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆلێرا دەدات و راشیدەگەیەنێت، “بانكی هەرێم لە سلێمانی 100 ملیۆن دیناری كاشی بۆ تەندروستیی گەرمیان دابینكرد و لە رووبەڕووبوونەوەی كۆلێرا و پێداویستییەكانی خەرجدەكرێت”.

د. سیروان محەمەد جەمال بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، “پەتای سكچوون روو لە هەڵكشانەو هەر ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی تووشبووی كۆلێرا دەستنیشانكران، ساڵی پار بە هەمانشێوە لە گەرمیان بە كاركردنی تیمەكانی خۆپاراستن و نەخۆشییە گواستراوەكان و نەخۆشخانەی گشتیی كەلار و كفری و فریاكەوتن و قەڵا و سەرجەم دەزگاكانمان و هاوكاری و هەماهەنگی ئیدارەی گەرمیان و كەلار وكفری و فەرمانگەكان، تووانیمان حاڵەتە سەرەتاییەكانی كۆلێرا دەستنیشان بكەین و رێنمایی و چارەسەر بۆ خۆیان و خۆپارێزیی خێزانیان دابینكەین، بەم كارەش گەرمیان پارێزرا لە بڵاووبونەوەی پەتای كۆلێرا”.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “ئەمساڵ هەمان كاركردن و ماندوبوون بەردەوامە و هاوكاریی ئێوە پێویستە، بە تایبەتی ئەوانەی لەشاری سلێمانی دەگەڕێنەوە و سكچوونیان هەیە، راستەوخۆ لە دەزگاكانمان پشكنینی پێویست ئەنجامبدەن و هاوكاربن لە رێگری بڵاوبوونەوەی لە گەرمیان”.

دەشڵێت، “پێشبینی نزیكی دەركەوتنی حاڵەتی كۆلێرا دەكەین و ئامادەكاریكراوە و بەردەوامین لە دابینكردنی پێداویستیی نەخۆشخانەكان، هەر ئەمڕۆش بانكی هەرێم لە سلێمانی 100 ملیۆن دیناری كاشی بۆ تەندروستی گەرمیان دابینكرد و لە رووبەڕووبوونەوەی كۆلێرا و پێداویستیەكانی خەرجدەكرێت”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی بازرگانیی هەرێم: هەر هاوڵاتییەک زیاتر لە مانگێک سەردانی بریکارەکەی نەکات بەشە خۆراکەکەی دەگەڕێتەوە کۆگاکان

بابەتی دواتر

هەڵوێستی بەغداد لەبارەی ناردنی دوو مووچە بۆ هەرێم راگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share