راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە ساڵڕۆژی خیانەتی مێژوویی 31ی ئابی 1996

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە ساڵرۆژی خیانەتی مێژوویی 31ی ئابی ساڵی 1996دا راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، “27 ساڵ لەمەوبەر لەسەر بانگهێشت و بە چاوساغی سەركردایەتی پارتی، هێزەكانی گاردی كۆماریی رژێمی دیكتاتۆری بەعس شاری هەولێری پایتەختی كوردستان و پایتەختی خەونی ئازادی و ناوەندی دامەزراوە سەروەرییەكانی وڵاتەكەمانیان داگیركرد و زیانێكی كوشندە و جەرگبڕیان لە ماناكانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریدا كە هەرگیزاو هەرگیز لە بیرناچنەوە.

دەقی راگەیەندراوەكەدا:-

جەماوەری بەشەرەفی كوردستان

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لەسەر بانگهێشت و بە چاوساغیی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ، هێزەكانی گاردی كۆماریی رژێمی دیكتاتۆری بەعس شاری هەولێری پایتەختی كوردستان و پایتەختی خەونی ئازادی و ناوەندی دامەزراوە سەروەرییەكانی وڵاتەكەمانیان داگیركرد و زیانێكی كوشندە و جەرگبڕیان لە ماناكانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریدا كە هەرگیزا و هەرگیز لە بیرناچنەوە.

هەمووی 5 ساڵ بوو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەسەر زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس راپەڕیبوون و بەشێكی خاكی نیشمانیان لە چنگ دەرهێنابوون، كەچی پارتی بە بیانووی پڕوپووچی تێكچوونی بەڵانسی هێزەكان لە شەڕی ناوخۆ، جارێكی تر ئەو سوپای ئەنفال و كیمیابارانەیان هێنایەوە سەر خاكی كوردستان و شاری هەولێر، كە لە ئەنجامدا سەدان پێشمەرگە و تێكۆشەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی شەهید و برینداربوون، سەدانیان بەدیلگیران و بێسەروو شوێنكران و دەبابەكانی ئەو سوپا شۆڤێنییە شكۆی پەرلەمانی هەلبژێردراوی خەڵكی كوردستانیان شكاند و ئەزموونەكەمانیان، لەسەرەتای پێكهاتنییەوە، لە كەداركرد.

هەرچەندە ئەم خیانەتە وەك زۆر ناپاكی تری مێژووی ئەم حزبە لە یادەوەری میللەتەكەماندا پەڵەیەكی ڕەشی قەترانییە و بەسەدان پاكانەی خیتابی ئیعلامی و كتێبی ناڕاست و گێڕانەوەی چەواشەكاریی رووداوەكان ناسڕدرێتەوە، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزە سیاسییە دەربەستەكانی كوردستان، پاڵپشت بەو ئومێدەی بە ئاییندەی گەلەكەمان و ڕەوایی و مەسەلەی كورد هەیانە، پاڵپشت بەوەی ناكرێت پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەكەمان لە شوێنێكدا چەق ببەستێت و پەكیبخرێت، بۆیە تێكڕا قەدەری باشتری ئاشتی و پێكهاتنەوەیان هەڵبژارد و بەسەر برینی ناپاكی و خیانەتدا بازیان دا و هەوڵیان خستەگەڕ بۆ پاراستنی ئەوی ماوە لە شكۆی ئەزموونی نەتەوەكەمان، لاپەڕەیەكی تازەیان بۆ ئاشتی و تێهەڵچوونەوەی خەباتی دیموكراتی هەڵدایەوە.

رووخانی سوپای رژێمی هاوكاری كارەساتی سی و یەكی ئاب لە پڕۆسەی ئازادی و هەروەها هەرچی دەسكەوتی گەلەكەمان هەیە، لەدانپێدانانی دەستووریی بە هەرێمی كوردستان و سیستمی فیدڕاڵی بەرهەمی دانبەخۆداگرتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پەرۆشیی نیشتمانپەروەرانەیە بۆ دوارۆژی كوردایەتی و سەروەریی كوردستان، بەڵام بە داخەوە ئەو هێزەی بەرپرسە لە خیانەتی 31ی ئاب، لە جیاتی دەرس وەرگرتن لە رووداوەكانی مێژوو، لەسەر هەمان سیاسەتی چەوتی بەردەوامە و تازە بە تازە، بە هەمان نەفەسی تەسكی بەرژەوەندیی پارتێتییەوە،ئاگری ناكۆكی و ناپاكی خۆشدەكات كە دیارە بەهەڵە لە دانبەخۆداگرتن و سەبری هۆشیارانەی دەربەستانی ئاییندەی كوردستان تێگەیشتووە، بۆیە وا ئێستاش بە تۆمەت داتاشین و تەشهیری بێبنەما بۆ هێزە نیشتمانپەروەرەكان، لەسەرووی هەمووشیانەوە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یادەوەریی تیژی مێژوو تاقیدەكاتەوە، پارە و پاوەر و تەزویری میدیایی بێشوماری بۆ ئەم چەواشەكارییە خستووەتەگەڕ، لە جیاتی ئەوەی هەوڵبدات بە یەكجاریی برینەكانی مێژووی خیانەت سارێژبكات و بە سیاسەتی دروستی كوردستانی و نەتەوەیی ئەو لاپەڕە ڕەشە لە مێژووی خۆی و كوردستان بسڕێتەوە، كەچی هەمیشە لە هەوڵی شەرعیەتپێدانی چەواشەكارانەی ئەو خیانەتەدایە و بێباكانە مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەی سیاسی و ئایندەی گەلەكەمان دەكات.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

لەم یادە تاڵەدا ئێمە هەمیشە لە بری كینە بەخشینەوە و تۆڵەكردنەوە، دەمانەوێت شوێنەوار و پاشماوە خراپە دەروونی و مەعنەوییەكانی ئەو كارەساتە نەتەوەییە و گشت كارەساتەكان بە یەكجاریی بسڕینەوە و بە پەرۆشەوە پێداگیریی لەوەدەكەین كە ویستی خۆسەپاندن وەلا بنرێن و بژاردەی راستكردنەوەی پڕۆسەی حوكمڕانی و دیموكراسی و دادپەروەری راستەقینە لە كوردستاندا بچەسپێنرێت و بۆ ئەم سیاسەتە نیشتمانییە دروستە بە ئاگاییەوە ئامادەی خەبات و قوربانیدانین، بێئەوەی لە مێژووی رەشی ئابی 1996و كەموكوڕییەكانی تر غافڵ بین.

لەیادی ئەو رۆژە ڕەشە و بۆ یادی هەموو شەهید و قوربانییانی گەلەكەمان، سڵاو لە سەرجەم شەهیدە قارەمان و سەربەرزەكانی گەلەكەمان بە تایبەتی شەهیدە سەربەرزەكانی موقاوەمەتی داگیركردنی پایتەختی كوردستان، لە رۆژی رەشی 31 ی ئابی 1996دا.

بابەتی پێشتر

هەڵەبجە.. لە رووداوێكی هاتوچۆدا كەسێك برینداربوو

بابەتی دواتر

دیداری سلێمانی بۆ كەلتوور و هونەر فێستیڤاڵی سلێمانی لە هەواری شار سازدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share