ڕزگاربوویەكی ئێزدی: دراوسێكانمان بوونە دڕندە

شریهان

كچە ڕزگاربوویەكی دەستی داعش وردەكاری ژیانە پڕ ئازارەكەی و چیرۆكی بە سەبایا كردنی لەلایەن چەكدارانی داعش دەگێڕێتەوە، باسیش لەوەدەكات كە چۆن دراوسێكانیان “بوونەتە دڕندە” بەرامبەریان.

شریهان (23 ساڵ) یەكێكە لەو كچە ئێزدیانەی بەر لە شەش ساڵ كەوتە دەست چەكدارانی داعش ئەو دەڵێت، سەرەتای ڕوداوەكان بە دەستگیركردنی خۆی و برا كەمئەندامەكە و كچێكی دراوسێیان دەستی پێكردووە لەسەر دەستی یەكێك لە دراوسێكانی خۆیان كە پێشتر چووەتە پاڵ ڕێكخراوی داعش، ئەوان لولەی تفەنگەكانیان كردووەتە ڕووی ئەوانەی پێشتر لە ناوچەی سنونی سەر بە قەزای شەنگال پێكەوە ژیاون.

شریهان لە لێدوانێكدا دەڵێت، “دەنگی گولە و تەكبیر شارۆچكەكەی داپۆشیبوو، لە ترسا من و دایكم و برا كەمئەندامەكەم (سالم) و شیرین-ی دراوسێمان بەرەو چیا كەوتینەڕێ تا خۆمان بپارێزین، بەڵام هێزێكی داعش كە لەنێوانیاندا دراوسێكەمان هەبوو ڕێی لێگرتین، پاش كوشتنی دایكم بە بارمتە بردیانین بۆ گوندی خانسوور”.

بە ئازار و ئەشكەنجە و برسێتی و ترس شریهان، كە ئەوكات لە تەمەنی شانزە ساڵیدا بوو، ڕۆژەكانی بەسەردەبرد لەگەڵ هەزاران كچی دیكەی ئێزدی كە لە گوندەكانی دیكەی شەنگالەوە كۆكرابوونەوە تا ئەوكاتەی بە پاس بەرەو موسڵ و ڕەققە گوازرانەوە.

شریهان سێ لەو كەسانەی كڕین و فرۆشتنیان پێوەكردووە بە نازناوەكانیان دەناسێت كە (ئەبو حەمزە و ئەبو موسا و ئەبو هاجەر)ن، ئەوان یەكەمینی ئەو كەسانە بوون كە لە بازاڕەكانی عێراق فرۆشتویانن، دوای ئەوەی لەگەڵ 19 كچی دیكەی ئێزیدی ناچاریان كردوون جلوبەرگی نیمچە ڕووت بپۆشن.

شریهان بۆ كێڵگەیەك گوازراوەتەوە كە خاوەنەكەی ئەبو سەعد بووە، یەكەمین كەس كە كڕی و دەستدرێژی كردەسەر و وتی، “كاتێك زانی دووگیانم، بە پێڵاوە سەربازییەكەیەوە شەقێكی توندی لە سكمدا و بەهۆیەوە منداڵەكە مرد، منیش بەهۆی توندی خوێنبەربوونەوە لەوەدابوو بمرم، ئاواتم بە مردن دەخواست بۆ ئەوەی لە ئازار و ئەشكەنجەكان ڕزگارم بێت”.

ئەبو سەعد دواتر دەیفرۆشێت بە ئەبو عەبدوڵا و دواتر ئەبو خەتاب جزراوی و پاشا ئەبو ئەنەس عێراقی، تا ئەوەی كڕین و فرۆشتەكان دەیگەیەنێتە ماڵی ئەبو ناسڕ شامی وەك خزمەتكار و بەندی سێكس.

كڕین و فرۆشتنەكانی شریهان تەنها لە عێراق و موسڵدا نەبوو، بەڵكو دواینیان لە ڕەققەوە گواستیەوە بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەرەی نوسڕە لە شاری ئیدلب.

ئەمجارە كڕینەكەی لەلایەن بازرگانانی كۆیلەی سەر بە بەرەی نوسرە (ئەبو عەبدوڵا داغستانی و ئەبو خالد عێراقی)یەوە بوو كە بۆ ئەو مەبەستە لە ئیدلبەوە خۆیان گەیاندبووە ڕەققە.

شریهان دەڵێت، خاوەنەكەی فرۆشتویەتیەوە بە داغستانی و عێراقی، ئەوەی دواییشیان لە بەندینخانەی عوقاب كە وەك خۆی دەڵێت جەهەنەم بووە بەندیكردووە.

“بەندینخانەیەكی گەورە و خاوەن ژووری زۆر بوو، هیچ دەنگێك نەبوو بەرزتربێت لە هاواری ئەشكەنجەدراوانی ناوی، بەتایبەتی ژنان (كافرە مولحیدەكان) وەك ئەوەی سەرپەرشتیارانی بەندینخانەكە لێیان دەڕوانین” شریهان وادەڵێت.

شریهان، كە ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە 23 ساڵ، ڕونیشیدەكاتەوە بەندینخانەی عوقاب لە شاری ئیدلب لە سوریا بەندینخانەیەكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو بریتی بوو لە بازاڕی بە كۆیلەكراو و سەبایاكراوەكان.

بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ڕێكخراوی داعش لە ئابی 2014ەوە زیاتر لە شەش هەزار كچ و ژن و منداڵی كردە كۆیلە.

هەروەك زیاتر لە هەشت هەزار ئێزدی لە خانەی بێسەروشوێناندان، سەرەڕای ئاوارەبوونی نزیكەی 350 هەزاریان و نیشتەجێبوونیان لە خێوەتگاكانی تایبەت بە ئاوارەبووان.

بابەتی پێشتر

سەلاح لە لیڤەرپوڵ دەڕوات؟ یۆرگن کلۆپ دەرگا بەڕوویدا دەکاتەوە، بەڵام..

بابەتی دواتر

توشبوون و گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە هەرێم كەمیكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share