رێكخراوی CPJ: پێویستە دەستبەجێ رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی ئازادبکەن

رێكخراوێكی تایبەت بە رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، پێویستە دەسەڵاتدارانی کورد دەستبەجێ و بەبێ مەرج، رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی ئازادبکەن و هۆکاری دەستگیرکردنی و هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی ئاشکرابکەن.

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) کە بارەگاكەی لە نیویۆركە لە راپۆرتێكدا رایگەیاند، بەگوێرەی راپۆرتی كەناڵی سپێدە هێزەكانی ئاسایش لە زاخۆ ئیسلام کەشانی پێشکەشکار و بەرپرسی ئۆفیسی ناوخۆیی تەلەفزیۆنی سپێدەیان لە ماڵەکەی خۆی لە زاخۆ دەستگیرکرد.

دەشڵێت، “دەسەڵاتداران فەرمانی دەستگیرکردنی کەشانی-یان پێشکەشنەکرد و، دوای چەند کاتژمێرێکیش لە دەستبەسەرکردنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی. تا رۆژی هەینی لە دەستبەسەری ئاسایشدا ماوەتەوە”.

رۆژێک پێش دەستگیرکردنی، لە پرۆگرامێكی تەلەفزیۆنیدا، كەشانی رەخنەی لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی پرسی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە گرت، هەروەها باسی لە خراپی بارودۆخی ژیانی هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان كرد، وەك ئەوەی CPJ دەیڵێت.

شەریف مەنسور، رێکخەری بەرنامەی CPJ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە واشنتۆن دی سی وتی:، “دەبێت دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق دەستبەجێ رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی ئازادبکەن و دڵنیابن لەوەی کە رۆژنامەنووسان لە تۆڵەی کارەکانیان دەستگیرنەکرێن و، رێگەیان پێبدەن بە ئازادی پرسەکانی بەرژەوەندیی گشتی رووماڵ بکەن”.

كۆمیتەكە لە زاری ماهیر ساگڤان، بەڕێوەبەری دەزگای راگەیاندنی خەبیر دەڵێت، سەرەتا ئاسایش نكۆڵی لەوەكردووە كە ئەو رۆژنامەنووسە لای ئەوان دەستبەسەر بێت، بەڵام دوای چوار کاتژمێر هەڵیانکوتایەسەر ماڵەکەی و، ئەوكات ئاشكرایانكرد كە كەشانی دەستگیركراوە.

ئەوەشی وت، كەشانی بەهۆی “رەخنەی بەردەوامی لە دژی حکومەت و گەندەڵی لایەنە دەسەڵاتدارەکان” دەستگیرکراوە.

هاوكات لە زاری عەبدولکەریم ئەحمەد بەڕێوەبەری کەناڵی سپێدە رایگەیاند، دەستگیركردنەكە “بە تەواوی نایاساییە و هیچ پاساوێکی نییە”.

وتیشی، “دڵنیاین زەمینەی دەستگیرکردنی پەیوەندی بە چالاکییە رۆژنامەوانییەکانییەوە هەیە (…) هەمیشە لەگەڵ گەلەکەیدا وەستاوە و رەخنە لە حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێی دەگرێت، بەڵام بەبێ هیچ ناوزڕاندنێک”.

ئەحمەد کەشانی، برای رۆژنامەنووسەکەش دەڵێت، “نزیکەی چوار کاتژمێر دوای دەستگیرکردنی، ئۆتۆمبێلێک کە پێنج ئەندامی ئاسایشی تێدابوو بەبێ ئەوەی فەرمانی دادگا پێشکەش بکەن، هەڵیانکوتایەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئیسلام. گەڕانێکی وردیان ئەنجامدا و بەبێ دەستبەسەرداگرتنی هیچ کەلوپەلێک بەڕێکەوتن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئاسایش رەتیانکردەوە هیچ هۆکارێک بۆ دەستگیرکردنی بخەنەڕوو.

بابەتی پێشتر

زیاتر لە 400 كیلۆگرام دوگی نەشیاو دەستی بەسەرداگیرا

بابەتی دواتر

ئیسلام کەشانی بە كەفالەت ئازادکرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بکوژێک دەستگیرکرا

پۆلیسی چەمچەماڵ رایگەیاند کە تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، پێشتر هاوڵاتییەکی کوشتووە و هەڵاتووە. بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی، هێزەکانیان ئاگادارکراونەتەوە لەبوونی…
Total
0
Share