یەکێتیی ئەوروپا داوا لە تورکیا دەکات دەمیرتاش بەخێرایی ئازاد بکات

یەکێتیی ئەوروپا، داوا لە تورکیا دەکات کە هەریەکە لە عوسمان کافالا، داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسیی ئۆپۆزسیۆن بە خێرایی ئازاد بکات.

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، “بە سیفەتی ئەوەی دەوڵەتێکی کاندیدە بۆ بە ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، پێویستە تورکیا بەڵگە و کرداری بەرجەستە و بینراو نیشانبدات لە فەراهەمکردن و ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکان، کە گۆشەیەکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا پشتی پێدەبەستێت”.

لە ڕاگەیەنراوەکەی نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە، “ئەمە پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی دادوەریی تورکیاشەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورورپا پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادکردنی دەستبەجێی عوسمان کافالا و سەلاحەدین دەمیرتاش”.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو، ژووری بەرپرسان لە دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەتوندی سەرکۆنەی ڕەفتارەکانی تورکیای کرد لە دۆسیەی دەمیرتاشدا و ڕایگەیاند کە پێویستە دەستبەجێ دەمیرتاش ئازاد بکرێت.

لە تشرینی دووەمی ساڵی 2016دا، دەسەڵاتی تورکیا 10 لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلانی دەستگیرکرد، لەناویاندا هەریەکە لە هەوسەرۆکانی پارتەکە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگان یکسەکداخ دەستگیرکران، بەتۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەیە و کار بۆ ئەوان دەکەن.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەمریکا بۆ ئـ.ـێران: تا کۆتایی ئەمڕۆ دەرفەتتان هەیە داوای لێبوردن بکەن و گەرووی هورمز بکەنەوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ، ئەمریکا لەڕێگەی کەناڵە پەیوەندییە ڕاستەوخۆکان و وڵاتە نێوەندگیرەکانییەوە ئۆڵتیماتۆم (مۆڵەتی کۆتایی) داوە…
Total
0
Share