توێژینەوەیەكی نوێ گەیشتە ئەو ئەنجامەی دانیشتنی منداڵی یەك ساڵ رۆژانە لە بەردەم شاشەدا دەبێتەهۆی مەترسیی دواكەوتنی گەشەیان، هەروەها گرفتی توانای پەیوەندی و جوڵەی ورد و چارەسەری كێشەكان و لێهاتویی كەسی و كۆمەڵایەتی بۆ تەمەنی دوو ساڵ تا چوار ساڵییان دروستدەكات.
توێژەران، كە لە زانكۆی تۆهۆكۆ-ی ژاپۆنی توێژینەوەكەیان كردووە، پشتیان بەست بە زانیارییەكان پەیوەست بە گەشە و كاتی دانیشتن بەرامبەر شاشەی نزیكەی هەشت هەزار منداڵ كە بۆ ماوەی نزیكەی چوار ساڵ لە ژاپۆن خرانە ژێر چاودێرییەوە، ئەنجامەكەشی لە گۆڤاری جاما بڵاوكرایەوە.
توێژەران دەڵێن، مانەوە لەنێوان كاتژمێرێك بۆ چوار كاتژمێری رۆژانە لە بەردەم شاشەدا بۆ تەمەن یەكساڵ بووەتەهۆی زیادبوونی مەترسیی دواكەوتنی گەشە لە بوارە جۆربەجۆرەكاندا.
ئامادەكاران دەڵێن، توێژینەوەكە جیاوازی نەكردووە لەنێوان كاتی بەرامبەر شاشە بە ئامانجی فێركاری یان كاتبەسەربردن، داواشیانكرد لە ئایندەدا توێژینەوە لەسەر ئەو گۆشانەش بكرێت.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری دیڤید لیۆكۆفیچ، زانای دەرونناس لە سەنتەری توێژینەوەكانی منداڵان لە زانكۆی ییل رایگەیاند، ئەو دواكەوتنە لە گەشە، روودەدات لە ئاكامی نائامادەیی كارلێكی رووبەڕووی نێوان باوان و منداڵان، لەئاكامی بەسەربردنی كاتێكی زۆر لەلایەن منداڵەوە لە بەردەم شاشە جۆراوجۆرەكاندا.
وتیشی، “كارلێكی رووبەڕووی نێوان باوان و منداڵ زۆر گرنگە بۆ پێدانی زانیاریی گرنگ بە منداڵان، لەڕێی دەربڕینی دەموچاو، وشە و دەربڕینی دەنگ… ئەمە لەگەڵ دانیشتن بەرامبەر شاشەدا روونادات”.