حكومەتی عێراق لە رێگای كامێرای چاودێرییەوە چاودێریی جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێم و عێراق دەكات كە كامێراكان لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراقدا دەبن.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق كامێرای چاودێریی لە سەرجەم خاڵە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و دەروازەكانی دیكەی عێراق دادەنرێن.
باسی لەوەشكرد، بڕیاری دانانی كامێرای چاودێریی ناوچەكانی پاسەوانی سنووری لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی وڵاتیش دەگرێتەوە، ئەو كامێرایانەش راستەوخۆ لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراقدا دەبن.
دانانی كامێراكانی چاودێری لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێكی دیوانی چاودێریی عێراق بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنییان، سەردانی خاڵە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیان كرد.