د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە رێوڕەسمی دەستپێكردنی پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ گەشتوگوزار لە سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان و وەزارەتی پلاندانانی عێراق، درێژترین رێژەی تەمەن لە هەموو عێراق لە پارێزگای سلێمانییە و ئەو كەسانەی لە سلێمانی دەژین، لە هەموو ئەو كەسانە زیاتر دەژین كە لە عێراق و هەرێمی كوردستان ژیان دەكەن.
راشیگەیاند، سلێمانی خاوەنی فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتی پێشكەوتووە و باشترین كارگۆی هەیە و توانراوە لە سلێمانی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ لێكبدرێن.
پارێزگاری سلێمانی وتیشی، “هەموو كات كە گەشتیار و میوانەكان دێنە شاری سلێمانی هەست بە ئارامی دەكەن و هەمیشە وەك ماڵی دووەمی خۆیان سەیری سلێمانی دەكەن، جگەلەوەی لە بوارەكانی كەلتووری و رۆشنبیری و زۆرینەی لایەنەكانی دیكە لە پێشەنگدایە”.
بە بڕوای هەڤاڵ ئەبوبەكر، پێویستە پشت بە كەرتی كشتوكاڵی بدرێت تا بتوانرێت ئابورییەكی سەوز و بەردەوام بۆ هەرێمی كوردستان فەراهەمبكرێت.