وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بەشێک لە ئەفسەرانی بەجێماوی ئەفغانستان چوونەتە ناو داعش

ئەندامێکی داعش لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکراوە

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرایدەکات، بەشێک لەو ئەفسەرانەی لە سوپای ئەفغانستاندا بوون و دوای هاتنی حوکمی تاڵیبان لەو وڵاتە نەچوونەدەرەوە، پەیوەندییان بە چەکدارانی داعشەوە کردووە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی نووسیویەتی، “لەبەر هۆکاری ئابوری و ترس، ئەو ئەفسەرانە، کە بەشێکیان ئەفسەری سەربە دەزگاکانی هەواڵگری بوون، خۆیان گەیاندووەتە چەکدارانی داعش – لقی ئەفغانستان، کە بە لقی (خۆراسان)ـی داعش ناسراوە”.

بە وتەی کەسانێک کە ئەو ئەفسەر و ئەندامانەی دەزگا هەواڵگرییەکانیان ناسیوە، بەهۆی ئەو دوو هۆکارەی سەرەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی دەچنە ڕیزەکانی داعشەوە لەو وڵاتە “زۆر نییە، بەڵام لە هەڵکشاندایە”.

زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ باس لەوەدەکەن، ئەو گروپەی خۆیان گەیاندووەتە لای چەکدارانی داعش، ئەزموونی شەڕکردنیان هەیە و بەوەش کۆی ئەزموونی چەند ساڵەیان خستووەتە بەردەم لقی “خۆراسان”ـی داعش.

لەسەر ئەو پرسە، ڕەحمەتوڵا نەبیل، بەڕێوەبەری پێشووی ئیدارەی ئەمنی و میلیی ئەفغانستان، کە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتەکەی دەژی، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، “ئێستا بژاردەی دیار بۆ ئەفسەر و ئەندامانی هەواڵگری و ئەمنی، تەنها ئەو پانتاییانەن، کە داعش بەدەستییەوە گرتووە.

بە وتەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەم حاڵەتەی ئێستا لە ئەفغانستان ڕوودەدات، لە هەمان حاڵەتی عێراقی دوای 2003 دەچێت، کاتێک بەشێک لە ئەفسەر و ئەندامە باڵاکانی حزبی بەعس، چوونە ناو گروپی چەکداریی قاعیدە و هاوکاریی گروپەکەیان کرد بۆ شەڕ و تەکنیکی لێدان لە هێزەکانی ئەمریکا.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. بایدن لە لوتکەی گلاسکۆ خەو دەیباتەوە

بابەتی دواتر

پسپۆڕان: هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ بەهۆی ڤاکسینەوە لەنەوجەواناندا مەترسیدار نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share