یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە و سێ لیوای نوێ دروستكران و خراونەتەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە، دوو لیوای تریش 90 ٪ كارەكانیان تەواوبووە، دەخرێنەسەر وەزارەت.
لەو بارەیەوە لیوا حیكمەت عومەر بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری تاكەكان و خۆبەخشەكان، لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، بڕیاری یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لە چوارچێوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە بەردەوامە، لیواكانی 26، 28، 30 و سێ لیوای دیكەی نوێن كە دروستكران و خراونەتەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو سێ لیوایە ژمارەیان پێنج ھەزار و 400 ئەفسەر و پێشمەرگەیە و لە ھێزەكانی یەكەی 70 دروستكراون، ئێستا لە ژێر سەرپەرشتیی فیرقەی دووی سەرۆكایەتیی ئەركان كۆكراونەتەوە.
بەپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە جەختیكردەوە بە هاوكاریی تیمی هاوپەیمانان، چاكسازییەكان لە رێگەی تیمێكی نوێوە دەستیپێكردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، ھەردوو لیوای 25 و 27 یش لەناو پڕۆسەی یەكخستنەوەدان تائێستا 90 ٪ی كارەكانیان تەواوبووە و بەم نزیكانە دەخرێنەسەر میلاكی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە.