حەوت ساڵ بەسەر رووداوی رفاندن و تیرۆركردنی رۆژنامەنووس وەداد حسێن-دا تێدەپەڕێت.
رۆژنامەنووس وەداد حسێن لە 13ی ئابی 2016 لەناو بازاڕی دهۆک رفێندرا، دواتریش بە برینداری لەسەر رێگای سێمێڵ-دهۆک دۆزرایەوە و، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.
وەداد حسێن (29 ساڵ) کارمەندی سایتی رۆژنیوز بوو لە پارێزگای دهۆک.
لەبارەی رووداوەكەوە ئەوكات رێکخراوی هیومان رایتس ۆچ لە راپۆرتێكدا داوایكرد حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات و راستگۆیانە لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەسەر کوشتنی ئەو رۆژنامەنووس بكات
هاوكات لە زاری وتسۆن بەڕێوەبەری رێکخراوی هیومان رایتس ۆچ لە رۆژهەلاتی ناوەراست رایگەیاند، “پێویستە حکومەتی هەرێم بەجدی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە کە چۆن ئەم رۆژنامەنووسە بە رۆژی رووناك رفێنرا و کوژرا؟، هەروەها چەند بارە بانگکردنی لەلایەن هێزەکانی ئاسایش، بۆ؟”.
وتسۆن ئەوەشی وت، “وەداد یەکێکە لە دەیان ئەو رۆژنامەنووسانەی هەرێمی کوردستان کە تیرۆرکراون، لێیاندراوە و سوکایەتیان پێکراوە، زیندانیکراون، یان هەڕەشەیان لێکراوە”.