ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیارێكی لەبارەی فراوانكردنی گوندەكانی سنووری ماستەرپلان دەركرد و شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیانە.
ئەمڕۆ 9ی ئاب ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکی لەسەر چەند تەوەرێک سازدا و، یەکێک لە تەوەرەکان بریتی بوو لە یەکلاکردنەوەی سنووری فراوانکراوی 28 گوندی ناو ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی کە هەندێکیان ساڵی 2005، هەندێکیان ساڵی 2006 و هەندێکیشیان ساڵی 2012 فراوانکرابوون.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بڵاویكردەوە، پاڵپشت بە (ماددەی 6 بڕگەی 13) لە یاسای پارێزگاکان (ژمارە 3 ساڵی 2009) بڕیاردان لە گۆڕانکاریی کارگێڕی لە سنووری گوندەکاندا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادایە و، هەموو ئەو فراوانکردنانەش بە سنووری پێش بەرکاربوونی یاسای بەخاوەنکردنی حەرەمی گوندەکان (ژمارە 12 ساڵی 2012) ئامادەکرابوون.
شارەوانیی سلێمانی روونیشیكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی پارێزگا گشت سنوورە فراوانکراوەکانی پەسەندکرد، بەمەش هەموو ئەو فراوانکردنانە بوونە حەرەمی گوند و لە نەخشەی کادسترۆدا وەک حەرەمی گوند دەچەسپێندرێن و چیدی بە زیادەڕەوی ئەژمارناکرێن و بە یاسای بەخاوەنکردنی خانووە زیادەڕەوەکان (ژمارە 3 ساڵی 2019 هەموارکراو) تاپۆناکرێن، بەڵکو بە یاسای بەخاوەنکردنی حەرەمی گوندەکان (ژمارە 12 ساڵی 2012) تاپۆدەکرێن کە ئەمەیان زیاتر لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیانە.