وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای بودجە كە رێنمایی بۆ دەردەكرێت و شایستە داراییەكانی هەرێم رەوانە دەكرێت مووچە بۆ ئێمە كاری لە پێشینەیە و دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت دەكرێت.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێنماییەكانی تایبەت بە یاسای بودجە بڵاوكراوەتەوە و یاسای بودجە خراوەتەوە بواری جێبەجێكردنەوە و چاوەڕواندەكرێت پشكی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە رەوانەبكرێت و هەر كات پشكی هەرێم نێردرا كاری لە پێشینەی حكومەت دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانە و هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران رەوانە نەكرێت.
ئاشكراشیكرد، ئێستا شاندێكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە هەرێمە و وردبینی دەكەن لەو دۆسییانەی كە دەیانەوێت دەستیان پێیبگات و هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا هەیە و ئامانجمان جێبەجێكردنی یاسای بودجە و رێككەوتنەكانە.
لەبارەی پەیڕەوكردنی سیستمی پریپەید لە بەشێكی سیتییەكاندا، وتەبێژی حكومەت ئاشكرایكرد، دانانی ئەو سیستمە ئەزموونییە و بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە و بەرژەوەندیی هاوڵاتییان لەبەرچاو دەگیرێت.