بۆ رێگری لە كۆچبەران پۆڵەندا هێزی زیاتر رەوانەی سنوورەكانی دەكات

وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا هێزی زیاتر رەوانەی سنووری وڵاتەكەی دەكات بەمەبەستی رێگری لە كارئاسانیی پاسەوانانی سنووری بیلاڕوسیا بۆ كۆچبەران.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بڵاویكردەوە، پۆڵەندا بانگەشەی ئەوە دەکات کە پاسەوانانی سنووری بیلاڕوسیا لە پشت بەرزبوونەوە و نوێبوونەوەی هاتنی کۆچبەرن لە دەروازە نایاساییەکانەوە.

بەهۆیەوە دوای داواکارییەک لە دەزگای پاسەوانی سنوور، رۆژی سێشەممەی رابردوو، وارشۆ رەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی سەربازی دیکە بۆ سنوورەکانی لەگەڵ بیلاڕوسیا.

پۆڵەندا پاسەوانانی ئەو وڵاتە تاوانبار دەکات بەوەی یارمەتی کۆچبەری نایاسایی دەدەن بۆ چونە ناو خاکی وڵاتەكەی و بەهۆیەوە هەتادێت فشارەکانی کۆچکردن لەسەر سنوورەكانی لە پەرەسەندندایە.

ماسێج واسیک، جێگری وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا رایگەیاند، دەروازەكان لەلایەن پاسەوانانی سنووری بێلاڕوسیاوە پاسەوانی دەکرێن و بەبێ هاوکاریی ئەوان ناتوانرێت تێبپەڕێنرێت.

ئەوەشی وت، پاسەوانانی سنووری بیلاڕوسیا کەرەستەیان بەکارهێناوە بۆ زیانگەیاندن بە سیاجی سەر سنوورەکان بۆ ئەوەی کۆچبەران بتوانن بپەڕنەوە.

بۆ رێگری لە كۆچبەران پۆڵەندا بڕیاریداوە نزیکی 1000 سەرباز بنێرێتەسەر سنووری وڵاتەکەی کە هاوسنوورن لەگەڵ بێلاڕوس.

لەئێستادا نزیكەی 2000 سەرباز لەسەر سنووری پۆڵندان و هاوکاری 5000 پاسەوانی سەر سنوور دەکەن. دوای بڕیاری ناردنی سەربازی دیکە، ژمارەكە بۆ هەشت هەزار سەرباز و پاسەوان بەرزدەبێتەوە.

تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 19 هەزار کۆچبەر هەوڵیانداوە لە بێلاڕووسیاوە بچنە ناو پۆڵەندا، لەکاتێکدا لە تەواوی ساڵی 2022دا 16 هەزار کۆچبەر هەوڵیانداوە بچنە ناو ئەو وڵاتە.

ئەو کەسانەی لەو رێیەوە هەوڵی چوونە ناو پۆڵەندایان داوە لە كۆچبەری وڵاتانی (ئەفغانستان، جەزائیر، بەنگلادیش، سریلانکا، سوریا و عێراق) پێکدێن.

لە ساڵی 2021ەوە پۆڵەندا سیاجێکی بە بەرزی 5.5 مەتر بە درێژایی بەشە زەوییەکانی سنوورەکەی لەگەڵ بیلاڕووسیا داناوە بۆ رێگری لە پەڕینەوەی كۆچبەران.

بابەتی پێشتر

گەنجێك لە رووباری خازر خنكا

بابەتی دواتر

زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 7 بڵاوكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share