قوباد تاڵەبانی: هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە

جێگری سەرۆك وەزیران هۆشداریدەدات لەوەی لەم قۆناغەدا هەرێمی کوردستان زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە دەیڤد بێرگەر هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی ئەمریکا داوایکرد کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەربکرێن، چونکە بەردەوامیی کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی.

لای خۆیەوە جێگری سەرۆک وەزیران هاوڕایی خۆی دەربڕی لەسەر گرنگی پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە لەپێناو نەهێشتنی ئەو مەترسیانەی کە لە ئەنجامی گرژییەکان رووبەڕووی وەزارەت دەبێتەوە.

هەروەك باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دیاری کراوە و وتیشی، “تا ئەوکاتە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکانی نێوانیان بدۆزنەوە”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێگەی هەرێم و مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان کرا. لەم چێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی لە دۆخی ناوخۆی هەرێم دەربڕی و رایگەیاند؛ لەم قۆناغەدا هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە و بە سیاسەتی حەکیمانە کێشەکانیان چارەسەربکەن و پێکەوە هەرێم لە مەترسی بپارێزن، چونکە ئەگەر هەرێم بکەوێتە مەترسییەوە بە هەموو لایەکەوە باجەکەی دەدەن، نەک تەنها لایەنێک زەرەرمەند بێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیش قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە؛ بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم لە بەغداد بەهێز بێتەوە، پێویستە دوای چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، لایەنە کوردستانییەکان بە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست لە بەغداد کار بۆ دابینکردنی مافە دەستورییەکانی کورد بکەن.

 

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: تێكەڵكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك بە ململانێ سیاسییەكان مایەی قبووڵ نییە

بابەتی دواتر

گەنجێك لە رووباری خازر خنكا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share