بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، شەپۆلی گەرما تا هەفتەی داهاتوو بەردەوامی دەبێت و رۆژی پێنجشەممە دەگاتە بەرزترین ئاستی.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، “شەپۆلێکى گەرما روو لە ناوچەکەمان دەکات سبەینێ دووشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە دەستپێدەکات تاوەکو هەفتەى داهاتوو ئەو بارستە هەوایە گەرمە لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە لە پلەکانى گەرما رۆژى پێنجشەممە دەگاتە ئەوپەڕى بەهێزى خۆى”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “پێشبینى بەرزترین پلەکانى گەرما لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر47 پلەى سیلیزى، سلێمانى 45 پلەى سیلیزى، دهۆک 46 پلەى سیلیزى کرکوک 50 پلەى سیلیزى، هەڵەبجە 47 پلەى سیلیزى ئیدارەى گەرمیان نزیک دەبێتەوە لە 51 پلەى سیلیزى، ئیدارەى ڕاپەڕین 45 پلەى سیلیزى و ناوچە شاخاوییەکان لە سەرووى 42 پلەى سیلیزى دەبێت ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان لە سەرووى 34 پلەى سیلیزى دەبێت”.
کەشناسیی هەرێم ئاشکرایکردووە، ئەم شەپۆلى گەرمایە ماوەى مانەوەى بۆ چەند رۆژێک درێژدەبێتەوە، بۆیە جیاوازە لە شەپۆلەکانى دیکە ئەمەش وا دەکات هەرێمى کوردستان و ناوچەکە لە ژێر شەپۆڵێکى گەرماى چەند ڕۆژە بێت.