محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا لیژنەیەک سەرپەرشتیی ئەو کۆبوونەوانە بکات کە لەنێوان تیمی دانوستانکاری هەرێم و بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یاسای نەوت و غاز ئەنجامدەدرێن.
ئاژانسی فەرمی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، “محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبووەنەوەیەکی لەبارەی گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی یاسای نەوت و گاز کرد، هەروەها لیژنەیەکی وەزاریی بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق پێکهێنا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، “پڕۆژە یاسای نەوت و گاز یەکێکە لە یاسا سەرەکی و گرنگەکان و دەبێتە کەرەستەی هێز و یەکگرتووی بۆ عێراق”، هەروەها ” یاسای نەوت و گاز بەشێکە لە پابەندبوون بە کارنامەی حکومەت”.
باسیلەوەشکرد، “”داوا لە پارێزگا نەوتییەکانی عێراق دەکەم، گفتوگۆ بکەن لەبارەی یاسای نەوت و گاز، لەسەر ئەو بنەمایەی گفتوگۆکانیان تەواوکەری دانوستانە سیاسییەکان بێت بۆ گەیشین بە رێککەوتن لەسەر پێشکەشکردنی پڕۆژە یاساکە”.