لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرما، داوا دەکرێت رەنگی شەقام و باڵەخانەکان بگۆڕدرێت بۆ رەنگی سپی.
روانگەی عێراقێکی سەوز، کە سەکۆیەکی پەیوەندیدارە بە کاروباری ژینگە و بارەگاکەی لە بەغدادە، لە راگەیەندراوێکدا، هۆکارێکی بەرزیی پلەکانی گەرما دەگەڕێنێتەوە بۆ رەنگی شەقام و باڵەخانەکان، کە رەنگیان رەش و سوور و زەردە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی روانگەی عێراقێکی سەوز، “بەشێک لە وڵاتان بۆ کەمکردنەوەی پلەکانی گەرما لە شەقام و باڵەخانەکان، رەنگەکانیان دەگۆڕن بۆ ئەو رەنگانەی گەرمی کەمدەکەنەوە وەک رەنگەکانی سپی و شینی ئاسمانی، هەربۆیە لە عێراقیش دەستپێشخەرییان کردووە بۆ گۆڕینی رەنگی شەقام و باڵەخانەکان”.
بەپێی ئاماری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق لەسەر ئاستی جیهان پێنجەم وڵاتە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زۆرترین کاریگەریی لەسەر دروست دەبێت.